کەی بەفر و بارانەکە دێت؟

میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر

بە قسەی کەشناسی، لە ١٥ی ئەم مانگەوە بارانبارینی بەردەوام دەست پێدەکات، بەڵام هیچ پێشبینییەک نییە بۆ بەفربارین لە سەنتەری شارەکان بەم نزیکانە.

میدیازان پەیوەندی بە دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هەواڵی بەفر و باران.

ئێستا وەزارەتی گواستنەوە راستەوخۆ سەرپەرشتی هۆبەیەک دەکات بۆ پێشبینی کەشناسی، پێشتر بەڕێوەبەرایەتیەکی نیمچە سەربەخۆ بوو بەناوی کەشناسی و بومەلەرزەزانی.

دیلان رەشاد باسی لەوە کرد، بەگوێرەی پێشبینی ئەوان، لە ١٥ی ئەم مانگەوە بارانبارین دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان.

لەبارەی بارینی بەفرەوە رەتیکردەوە زانیارییان هەبێت، وتی کە ناتواندرێت لە ئێستاوە پێشبینی بەفربارین بکرێت و هیچ داتایەکیان بۆ ئەوە لەدەستدا نییە.