بۆ ئەوانەى کورسییەکانیان شکاندوون
بەڕێوەبەرى پارکى هەوارى شار هەواڵێکى ناخۆشى پێیە
964+
وریا فەتاح
لەسەر شکاندنى 15 کورسى کۆنکرێتى کە کێشێکى قورسیان هەیە، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و بەڕێوەبەرى پارکەکەش دەڵێت: تۆمەتبار بدۆزینەوە کورسییەکانى پێهەڵدەگرین وەک سزایەک.
دوێنێ سێشەممە، 15 کورسى کۆنکرێتى دانیشتن لە پارکى هەوارى شار شکێندران، خەرمان محەمەد، بەڕێوەبەرى پارکى هەوارى شار بە 964ـى وت،”لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و تۆمارى سەرجەم کامێراکان هەڵدەگرینەوە تا بزانین کێ ئەو کارەى کردووە”.
دەشڵێت: جگە لە سزا یاساییەکان، هەر کەسێک ئەو کارەى کردبێت کورسییەکانى پێهەڵدەگرین تا دایانبنێتەوە.
داواش دەکات، هاوڵاتیان چاوکراوەبن و پارک و شوێنە گشتییەکان بە موڵکى خۆیان بزانن.
پارکى هەوارى شار، 4 هەزار و 200 دۆنمە و زیاتر لە 1200 دۆنمى سەوزکراوە و 200 کارمەند سەرپەرشتى پارکەکە دەکەن و رۆژانەش سەدان گەشتیار و میوان رووى لێدەکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح