لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە

لە پارکی هەواری شار 15 کورسی کۆنکرێتی شکێندران

964+
دیلان محەمەد- سلێمانى

دەستێکی تێکدەر زیان بە موڵکی گشتی لە پارکی هەواری شاری سلێمانی دەگەیەنێت و 15 کورسی کۆنکرێتی دەشکێنێت، بەڕێوەبەرایەتی پارکەکەش دەڵێت لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە بەدوای ئەنجامدەرانی ئەو کارەدا دەگەڕێن.

هاوار ئەنوەر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارکی هەواری شار بە 964ـی راگەیاند، لەلایەن ژمارەیەک هاوڵاتی “نابەرپرسەوە” زیان بە ناو پارکەکە گەیەندراوە و 15 کورسی کۆنکرێتی شکێندراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە و دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کارەکەیان کردووە، لیژنەیەکی تایبەتیان پێکهێناوە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.

لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا، تیمی 964 سەردانی شوێنی رووداوەکەی لە ناو پارکەکە کردووە و دەرکەوتووە کە زیانێکی زۆر بە کورسییەکان گەیەندراوە، بە جۆرێک بەشێکیان تەنیا شوێنی دانیشتنەکەیان شکێندراوە و بەشێکی دیکەشیان بە تەواوی وێران کراون.

سەبارەت بە رێکارەکانی دۆزینەوەی ئەو کەسانە، هاوار ئەنوەر جەختی لەوە کردەوە کە پارکەکە بە تەواوی پڕە لە کامێرای چاودێری و لە ئێستادا لە رێگەی تۆماری ئەو کامێرایانەوە بەدواداچوونی ورد دەکەن بۆ ئاشکراکردنی ئەو دەستەیەی ئەم کارەی کردووە، تاوەکو رووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح