بەسەر فەرمانبەراندا دەبەش دەکرێن
دژى ئیفرازکردنى زەوییەکانیان ژمارەیەک جوتیارى شارەزوور گردبوونەوە
+964
بڕوا مەجید_ شارەزوور
ئەو زەوییانەى رۆژانێک لەسەردەمى گرانییەکەدا ببونە سەرچاوى بژێوى خێزانەکان، ئێستا خەت خەت دەکرێن و دابەشدەکرێن بەسەر فەرمانبەراندا، ئەمەش واى لە جوتیارانى شارەزوور کردووە گردببنەوە و ناڕازیبن لەو هەنگاوە.
جوتیاران چوونە بەردەم شارەوانى شارەزوور و نارەزایەتى خۆیان پیشاندا، رەزا رۆستەم، یەکێک لە جوتیارەکان کە خاوەنى 25 دۆنم زەوى دێم و 6 دۆنم زەوى بەراوە، وەکخۆى دەڵێت: زەوییەکانمان رەشەگڵى بێ بەردن و بۆ کشتوکاڵ خولقاون، هیچ رەوا نییە دابەشبکرێن و خانوویان لەسەر دروست بکرێت.
ئەو جوتیارە ئەوەندە لە خەمى زەوییەکەیەتى، دەڵێت: ئەگەر خانوەکەم لێ بسەنن خەمم نییە، بەڵام ئەو زەوییە رۆژگارێک کە گرانى بووە قوتى بۆ دابین کردووین و لە برسێتى رزگاى کردووین.
ئەو داواى لە وەزیرى کشتوکاڵ کرد، خۆى بێتە سەرخەت و ببێت بە بەرگریکار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.
ئەوان وێڕاى ئەوەى ناڕازین لە ئیفرازکردنى زەوییەکانیان، ئەو 3%ـەشیان قبوڵ نییە کە وەک قەرەبوو پێیان دەدرێت.
رەزا بە دڵپڕییەوە وتى، “ئەگەر بەدەست من بێت پێمخۆشە لەسەر زەوییەکەم بکوژرێم نەک لێم بسەنن”.
لاى خۆیەوە، سالار ئەحمد رەشید، سەرۆکی شارەوانی قەزای شارەزوور بە 964ـى وت،” ئەو زەویانەی لەشارەزوور ئیفرازکراون یەک هەزار دۆنمە، لەکاتێکدا ئێمە ناوی زیاتر لەسێ هەزارفەرمانبەرمان بۆ هاتووە کە ناویان گەڕاوەتەوە بۆ پێدانی زەوی و رێژەکەش لەزیادبوندایە”.
ئەو داواى جوتیارانى بەڕەوا زانى و وتى، “ساڵانێکی زۆرە زەویەکانیان، بەکاردەهێنن، بەڵام ئەوبڕیارە لەلایەن ئێمەوە نەدراوە ئێمە تەنها لایەنی جێبەجێکارین”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح