"خەڵکی بەدڵیانە"

چێشتخانەیەک لە سلێمانی بە ئاوی زمزم چێشت لێئەنێ

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

لە چێشتخانەیەکی شاری سلێمانی بە ئاوی زمزم چێشت لێئەنرێ و خاوەنی چێشتخانەکەش دەڵێت، ئاوی زمزم پیرۆزە بۆیە بەوە خواردنەکانمان لێئەنێین.

ئاکار حسێن، خاوەنی چێشتخانەیەکە لە شاری سلێمانی کە بە ئاوی زمزم خواردنەکانیان ئامادە دەکەن لەو بارەیەوە بە 964ـی راگەیاند، “ویستومانە شتێکی جیاواز و دەگمەن بکەین، بۆیە لێرە خواردنە کوردەوارییەکان بەو ئاوە لێئەنێین و خەڵکی لە خواردنەکانمان رازین”.

خاوەنی چێشتخانەکە هۆکاری بەکارهێنانی ئاوی زمزمی لە خواردنەکانیدا بۆ بیروباوەڕی خۆی گەڕاندەوە و باسی لەوەکرد، هەرچەندە ئاوی زمزم تێچووەکەی گرانترە لە ئاوی ئاسایی بەڵام لەڕووی ئایینیەوە پیرۆزە، بۆیە بڕیاریان داوە ئەم شتە جیاوازە بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای ئەوەی ئاوی زمزم قورسترە لە ئاوی ئاسایی، بەڵام کاریگەری لەسەر خواردنەکان نەبووە و خەڵکی بەدڵیانە.