بەسەلامەت گەیشتنەوە

چیرۆکى ئەو شەش گەنجەى هەواڵى کوژرانیان بڵاوبووەوە

سیروان خورشید- خورماتوو

شەوى رابردوو، هەواڵى کوژران و برینداربوونى شەش گەنجى سنوورى خورماتوو، میدیاکانى داپۆشى و هێزە ئەمنییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانى ناچارکرد بەپەلە بکەونە خۆیان و ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو بابەتە راست نییە و ئەمڕۆ گەنجەکان بەسەلامەت گەیشتنەوە.

چیرۆکى رووداوە بەم شێوەیەیە

ئارام ئەکرەم یەکێک لەو گەنجانەیە کە لەناو رووداوەکەدا بووە، بە 964ـى وت،”پێشنیوەڕۆى دوێنێ بۆ گەشتێک چووینە گوندى خۆرنەوزان لە ناوچەى داودە کە شەبەکەى مۆبایل و ئینتەرنێتى نییە، ئێمە لەوێ کاتێکى خۆشمان بەسەربرد تا کاتژمێر 12:30 خولەکى شەو ئینجا لێى خەوتین”.

“کاتژمێر بوو بە 1:35 خولەک، لەشیرینى خەودابووینن ئەوەندەمان زانى هەرچوارلامان گیرا بە هێزى ئاسایش و سوپاى عێراق و کۆماندۆ و کەسوکارمان، پێیان وتین ئەوە چیتان کردووە هەموو عێراق و هەرێمتان هێناوەتە سەرخەت”، ئارام واى وت.

بە وتەى ئارام، ئەوان ئاگادارى هیچ نەبوون، بەڵام هۆکارەکەى ئەوە بووە، نامەیەک بۆ باوکى یەکێک لەو هاوڕێیەیان دەچێت کە لەگەڵیان بووە و تێێدا نوسراوە،”فریا بکەون ئەیبوبى کوڕت و گەنجێکى تر کوژراون و ئەوانى تریش بریندارن”.
وەک ئارام دەڵێت: کەسوکاریان وایانزانیوە ئەوە تەڵەى داعشە بۆ ئەوەى بچنە شوێنەکە و ئەوانیش تێبکەون، بۆیە یەکسەر هێزە ئەمنییەکانى سوپاى عێراق و هەرێمیان ئاگادار کردووەتەوە و بەم شەوە ئۆپەراسیۆن لە هەموو لایەکەوە ئەنجامدراوە.

کاتێک هێزە ئەمنییەکان دەگەن، دەبینن گەنجەکان سەلامەتن، بەڵام ئەو هەژمارەى نامەکەى ناردووە، داخراوە و وادیارە “فەیک بووە”.

گەنجەکان لەلایەن هێزى کۆماندۆوە دەبرێن بۆ لێکۆڵینەوە و کاتژمێر 8:30 خولەکى ئەم بەیانییە، دەنێردرێنەوە بۆ خورماتوو و کەسوکاریان پێشوازیان لێدەکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح