شاندێک رەوانەی بەغدا دەکرێت
رێکارەکانی هاوتاکردنی موچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغداد لە هەرێم دەستیپێکرد
فەرهاد حەسەن
حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارە کردارییەکانی بۆ هاوتاکردنی موچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی و راگیراوان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەستپێکرد و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی باڵای هەرێم بۆ ئەم مەبەستە و دابینکردنی شایستە داراییەکان سەردانی بەغداد بکات.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی رێکارەکانی هاوتاکردنی موچەی زیندانیانی سیاسی و راگیراوانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، کۆبونەوەیەکی باڵا لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بەڕێوەچوو.
لە کۆبونەوەکە، تیشکخراوەتە سەر جێبەجێکردنی بڕیاری مانگی ئازاری ئەمساڵی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بۆ هاوتاکردنی موچە و ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسی هەرێم لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق.
ئەوەی وەزارەتی دارایی باسیدەکات، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و لێکتێگەیشتنەکانی پێشوی نێوان هەردوو حکومەتە بۆ یەکخستنی ماف و شایستەی زیندانیانی سیاسی لە سەرتاسەری عێراقدا.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری شەهیدان سەردانی بەغداد بکات، تاوەکو رێکارە کۆتاییەکان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان و هاوتاکردنی ئیمتیازاتەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تەواو بکەن.
موچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2011 رێکخراوە، کە تێیدا بڕی 500 هەزار دینار وەک منحەی مانگانە بۆ ماوەی 10 ساڵ بۆ هەر زیندانی و راگیراوێکی سیاسی دیاریکراوە.