لە 17 ساڵى دا خنکابوو
رۆژی لەدایکبوونی لەژێر ئاودا بوو؛ مینا وەک کچێکی 18 ساڵان بەخاکسپێردرا
وریا فەتاح
مینا عیسا کاتێک کەوتە ناو رووباری گەلی عەلی بەگەوە تەمەنی 17 ساڵ بوو، بەڵام کاتێک ئەمڕۆ تەرمەکەی دەرهێنرایەوە، ببووە کچێکی 18 ساڵان، چونکە رۆژی لەدایکبوونەکەی لە ناو تاریکی و ساردیی ژێر ئاوەکەدا بەڕێکرد.
ئەمشەو لە گۆڕستانی کەسنەزان لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی کەسوکارەکەی کە هێشتا چاویان لەسەر رووبارەکەیە، تەرمی مینا بە خاکسپێردرا. ئەو یەکێک بوو لە قوربانییانی رووداوی خنکانە سێ کەسییەکەی رۆژی 1.5.2026ـی رووباری گەلی عەلی بەگ.
ئەحمەد شاباز، کە ئامۆزای مینایە، بە دڵێکی پڕ لە خەمەوە ئەو نهێنییە ئازاربەخشەی ئاشکرا کرد و بە 964ـی وت: “رۆژی 5ـی مانگ یادی لەدایکبوونی مینا بوو، تەمەنی دەبوو بە 18 ساڵ، بەڵام ئەو کاتە لەژێر ئاودا بوو، بۆیە کاتێک ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە 18 ساڵان بوو”.
دۆزینەوە و بەخاکسپاردنی تەرمی مینا کە دووەم تەرمی دۆزراوەی رووداوەکەیە، کۆتایی بە ئازاری ئەم خێزانە نەهێناوە. ئێستا تەنیا چارەنووسی تەرمی ئادەمی تەمەن سێ ساڵان نادیارە و هێشتا لەناو ئاوەکەدایە.