لە گۆڕستانی کەسنەزانی هەولێر بەخاک سپێردرا

دوای 11 رۆژ تەرمی دووەم منداڵی ناو رووباری گەلی عەلی بەگ دۆزرایەوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

دوای 11 رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمی دووەم منداڵی ئەو خێزانەی کە ئۆتۆمبێلەکەیان کەوتبووە ناو رووباری گەلی عەلی بەگ، دۆزرایەوە و گەیەنەدرایە گۆڕستانی کەسنەزان لەهەولێر و بەخاک سپێردرا.

رووداوەکە لە درەنگانێکى شەوى 1.5.2026 روویدا، کاتێک ئۆتۆمبێلێک کەوتە ناو رووبارەکە و بەهۆیەوە سێ کەس کە دووانیان منداڵ بوون و سێیەمیشیان تەمەن 17 ساڵ بوو، بێسەروشوێن بوبوون.

رۆژى 5.5.2026، تەرمى یەکێک لە منداڵەکان دۆزرایەوە و ئەمڕۆش تەرمى دووەمیان کە ناوی مینا عیسا تەمەن 17 ساڵ بوو دۆزرایەوە، بەڵام هێشتا چارەنووسی منداڵى سێیەمی ئەو خێزانە نادیارە.

سوڵتان فەقێ ئەحمەد و مامەند حەمەد، دوو هاوڵاتى سنوورى گوندى خەلانن، بەردەوام چاودێری ئاوی رووبارەکەیان کردووە، هەر ئەوانیش ئەمڕۆ تەرمەکەی مینایان دۆزیەوە، وتبوویان تەرمەکەیان لە دوورى 35 کیلۆمەتر لە شوێنى رووداوەکە، دەدۆزیوەتەوە و دواتر تیمەکانى بەرگرى شارستانیان لێ ئاگادار کردبووەوە.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن