"پێشتر لە بنکەیەکی سەردەمی سەدام نیشتبوونەوە"
بوونی بنکەی نوێی سەربازی ئیسڕائیلی لە عێراق رەتدەکرێتەوە
فەرهاد حەسەن
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، وردەکاری نوێ لەبارەی بوون و نەبوونی بنکەی سەربازی ئیسڕائیل لە عێراق ئاشکرا دەکات، ئەویش دوای ئەوەی لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوودا لە بیابانی نەجەف روویدا، کە بەپێی راپۆرتی رۆژنامەیەکی ئەمریکی، باس لە دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی نهێنی ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا کرابوو.
یاسر ئەسکەندەر وەتوت، ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش، رەتیدەکاتەوە کە بنکەیەکی نهێنی نوێی ئیسڕائیلی دامەزرابێت، بەڵام ئەوە ناشارێتەوە کە پێشتر هێزێکی ئیسرائیلی لەسەر شوێنێک نیشتبووەوە کە بنکەیەک بوو لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن دروستکرابوو و دەڵێت “ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێزە ئیسرائیلییەکان ویستوویانە شوێنی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە عێراقەوە بزانن”.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەش رووندەکاتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی فڕۆکەخانەکە، ئەو هێزە ئیسرائیلییەیان نەدۆزیوەتەوە و دەڵێت “پێشتر رۆیشتبوون، بەڵام پاشماوەی خۆراک و شتی دیکەیان لێ بەجێمابوو”.