تەرمەکە کەوتبووە سەر دارێک

ئەو دوو هاوڵاتییەى تەرمى مینایان دۆزییەوە وردەکارییەکەى دەخەڕوو


ئاکام غەفور- سۆران

سوڵتان فەقێ ئەحمەد و مامەند حەمەد، دوو هاوڵاتى سنوورى گوندى خەلانن، لەو رۆژەوەى سێ کەسەکە لە رووبارى گەلى عەلى بەگ خنکاون، ناوە ناوە دەچنە سەر رووبار و چاو دەگێڕن بۆ تەرمەکان.

ئێوارەى ئەمڕۆ، ئەم دوو کەسە لە دوورى 35 کیلۆمەتر لە شوێنى رووداوەکە، تەرمى مینا عیسا دەدۆزنەوە و دواتر تیمەکانى بەرگرى شارستانى لێ ئاگادار دەکەنەوە.

وەک ئەوەى بۆ 964 قسەیان کردووە، تەرمەکە کەوتبووە سەر دارێک، دیاربووە ئاوەکە کشاوە و تەرمەکە لەسەر دارەکە جێماوە.

ئەوان دواى ئەوەى دڵنیادەبنەوە ئەوە تەرمە و تەرمى کچێکە، یەکسەر تەلەفون بۆ بەرگرى شارستانى دەکەن و ئەوانیش دێن لەو شوێنە سەختەن تەرمەکە دەردەهێننەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح