قایمقام بۆ 964

خورماتوو دوو هەزار دۆنم زەوی بۆ دابەشکردنی ئامادە دەکات

سیروان خورشید – خورماتوو

لە خورماتوو ئامادەکاری دەکرێ بۆ دابەشکردنی زەوی و قایمققامی قەزاکە دەڵێ، بەنزیکەی دوو هەزار دۆنم زەوی ئامادە دەکەن، دابەشکردنەکە جگە لە فەرمانبەران رەنگە هاوڵاتیش بگرێتەوە.

ئەوان ئێستا ئامادەکاری بۆ ئیفرازکردنی زەوی و ئامادەکردی پارچە زەوییەکان دەکەن، لیژنە دروستکراوە و بڕیارەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە هاتووە دەبێ هەموو فەرمانبەرێکی نا سوودمەند زەوی پێبدرێ.

حکومەتی عێراق بڕیاریداوە یەک ملیۆن پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکەن، و لە ئێستادا پڕۆسەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

حکومەتی فیدراڵی رایگەیاندووە کە کار دەکات بۆ دابینکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە عێراقییەکان و فەرمانبەران لە ڕێگەی مۆدێلی گەشەپێدانی جیاواز و بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت و وەزارەتەکان.

ولفەقار حەیدەر، قایممقامی خورماتوو کەبۆ مایکی 964 قسەی کردوەو دەڵێت، ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکی فراوانمان بە ئامادەبونی سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و سەرۆکی چەند فەرمانگەیەکی پەیوەندیدار لە قەزاکە ئەنجامدا، بە مەبەستی دانانی پلان و دەستنیشانکردنی ئەو زەوییانەی کە لە پشکی قەزاکەمان دەکەون.

وتیشی، پشکی قەزاکە لەم هەڵمەتەدا نزیکەی دوو هەزار دۆنم زەوی دەبێت و لە ئێستادا تیمەکانمان سەرقاڵی وردەکاری پلانەکانن و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە بەرنامەیەکی روون هاوڵاتیان لە چۆنیەتی سودوەرگرتن و پێدانی ئەو زەویانە ئاگادار دەکەینەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا