13 هەزار فەرمانبەر لێی سودمەند دەبن

دەست بەداشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا کرا

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بۆ جاری دووەم لە ئیدارەی زاخۆ پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکات، لە گەڕی یەکەمدا لەمانگی ئەیلولی ساڵی 2024 ئیدارەی زاخۆ 4747 هەزار پارچە زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەراندا دابەشکرد کە زیاتر لە هەشت ساڵ خزمەتیان هەبوو، ئەمجارەش نزیکەی 13 هەزار پارچە زەوی بەقۆناغی جیاجیا بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن.

پارچە زەوییەکان 200 مەترن و لەچوار کەرتی سەلکا، خرابدار، باکرما، خێلەخ دەبن، وە پرۆسەکە بەشێوەیەکی شەفاف و بەتیرۆپشک دەبێت لەبەر چاوی فەرمانبەران، وە چەند رۆژێک لەهۆڵی شەهیدانی شارەوانی زاخۆ بەردەوامی دەبێت.

نەوزاد حاجی، بەرپرسی لیژنەی بڵاوکردنەوەی پارچە زەوی لەشارەوانی زاخۆ بە 964 وت، دەمان توانی پرۆسەکە بکەین بە ئەلیکترونی و لەچەند خولەکێک تەواویبکەین، بەڵام ئەم شێوازەمان هەڵبژارد بۆ ئەوەی هیچ فەرمانبەرێک دوو دڵ نەبێت لەجیاکاری.

13 هەزار ناوی فەرمانبەرمان پێگەیشتووە، لەقۆناغی یەکەمدا حەوت هەزار ئامادەن و بۆ رۆژانی داهاتووش شەش هەزار ناوی دیکەیان ئامادە دەبن و ئەوانیش پارچە زەوی خۆیان وەردەگرن.