"تا ئێستا هیچ سۆراغێکی نییە"
گەڕان بەدوای ئەو گەنجەی لە ناوچەی سازان ئاو بردی بەردەوامە
بڕوا مەجید – هەڵەبجە
گەڕان بەدوای ئەو گەنجەی دوێنێ ئێوارە لە ناوچەی سازانی هەڵەبجە ئاو بردی، بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هیچ سۆراغێکی نییە.
ئاکام قوتبەدین وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە 964ـی وت، ” لەبەیانی زووەوە گەڕان بەدوای تەرمی ئەو گەنجەی لە سنووری ئاوەمار لە ناوچەی سازان ئاوبردی، بەردەوامە و تا ئێستا نەگەیشتووین بە هیچ سەرەداوێک”.
“گومان دەکەین بە مەودایەکەی زۆر، دوور کەوتبێتەوە، چونکە ئێواران کە ئاوەکە لە دیوی ئێرانەوە بەردەدرێتەوە، زۆرە و تاوەکوو بەربەیان کەم ناکات”، ئاکام قوتبەدین وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی تیمەکانی بەرگری شارستانی و خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە بەردەوامە و هەموو کون و کەلەبەری ناوچەکە دەگەڕێن.
ئێوارەی دوێنێ هەینی 26.6.2026 و لە ناوچەی ئاوەماری سازان، بەهۆی بەردانەوەی ئاو لە دیوی ئێرانەوە، سێ گەنج کە بۆ گەشت و سەیران چووبوونە ناوچەکە، کەوتنەناو ئاوی سیروان، دوو کەسیان رزگاریان بوو و یەکێکیان بە ناوی باوان یوسف و تەمەن 18 ساڵ، ئاو بردی و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری