"وەڵام بدەنەوە شەڕەکە فراوانتر دەکەین"

سوپای پاسداران: هێرشمان کردەسەر چەند پێگەیەکی ئەمریکا لە ناوچەکە

شۆڕش قادری

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی ئەمریکا لە ناوچەکە و لە ئەگەری وەڵامدانەوە، شەڕەکە فراوانتر دەکەن.

سەرەڕای بەردەوامی ئاگربەست، ئەمریکا و ئێران تاوناتاوێک هێرش دەکەنە سەر بەرژەوندییەکانی یەکتر لە ناوچەکە، دوێنێ فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەند کۆگایەکی موشەک و درۆنیان لە نزیک گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا ئەو هێرشەی ئەمریکای بە پێشێلکردنی ئاگربەست لە قەڵەمدا و رایگەیاند، لە وەڵامی ئەو هێرشە، چەند پێگەیەکی ئەمریکایان لە ناوچەکە بە ئامانج گرتووە.

سوپای پاسداران هۆشداری داوە و دەڵێت، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا ئەو شەڕەکە فراوانتر دەکەن.