گەنجە ژینگەدۆستەکەی عێراق

بەڵێنەکەی بردەسەر و 5000 نەمامەکەی گەیاندە هەڵەبجە

شۆڕش قادری

گەنجە ژینگەدۆستەکەی عێراق بەڵێنەکەی بردەسەر و پێنج هەزار نەمامەکەی گەیاندە هەڵەبجە.

حەیدەر ئەکرەع ئەو گەنجە بوو کە وەک وەفایەک بۆ خەڵکی هەورامان و هەڵەبجە و لە پای ماندووبوونیان بۆ دۆزینەوەی تەرمی روقیە، بەڵێنی دا پێنج هەزار نەمام بگەیەنێتە هەڵەبجە، ئەمڕۆ بەڵێنەکەی بردەسەر و لە مەراسیمێکدا نەمامەکانی لێ وەرگیرا.

نەمامەکان لە جۆری (ئەلبیزیا)ن و بڕیارە  لە ناوەندی شەقام و باخچەکاندا بچێندرێن.

رۆژی سێشەممە 9.6.2026 کچێکی گەشتیاری بەنەتەوە عەرب و خەڵکی کەربەلا بەناوی روقیە رافد و تەمەن 11 ساڵ، کەوتەناو ئاوی هاوینەهەواری زەڵم لە ئەحمەدئاوا، دوای 9 رۆژ لە هەوڵی بێ وچانی تیمەکانی بەرگری شارستانی و خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە، رۆژی چوارشەممە 17ـی ئەم مانگە، تەرمەکەی دۆزرایەوە و دواتر لە رێوڕەسمێکی شکۆداردا رەوانەی زێدی خۆی کرایەوە.

دوای ئەو رووداوە، حەیدەر ئەکرەع گەنجێكی ژینگەدۆستی عێراق، بەڵێنی دا پێنج هەزار نەمام وەک رێز و وەفایەک بباتە هەڵەبجە.