لە دوو رووداوی جیاوازدا
لە گوندێکی خاڵس دوو مێردمنداڵ لەناو ئاودا خنکان
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لەگوندی سەعدیەی سەربە قەزای خاڵس لە پارێزگای دیالە دوو مێردمنداڵ لەناو ئاودا خنکان.
عەباس عەبدولخالق ئێشکگر لە نەخۆشخانەی خاڵس بە 964ـی وت، “ئەو دوو مێردمنداڵە لە دوو رووداوی جیاوازدا خنکاون، رووداوی یەکەم درەنگانی شەوی رابردوو روویداوە، کاتێک مێردمنداڵێکی تەمەن 12 ساڵ لەگەڵ هاوڕێکانی چوونەتە ناو سەرچاوەیەکی ئاوی ناوچەکە، لەبەر ئەوەی مەلەی نەزانیوە، ژێرئاو کەوتووە و خنکاوە، پاش کاتژمێرێک گەڕان تەرمەکەی دۆزرایەوە و دەرهێنرایەوە”.
رووداوی دووەمیش بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە، مێردمنداڵێکی تەمەن 15 ساڵ لە هەمان گوند، چووەتە ناو حەوزێکی گەورەی ئاوی گوندەکە، ئەویش مەلەی نەزانیوە و خنکاوە، دوای نزیکەی کاتژمێرێک خەڵکی ناوچەکە پێیانزانیوە و تەرمەکەیان دەرهێناوەتەوە.
بەقسەی عەباس عەبدولخالق، رێکارە پزیشکییەکانیان بۆ ئەنجام دراوە و و تەرمەکان رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری