ئاڵاکانی ئەمریکا و ئێران
"با ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگ نەبن"
وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هێرشەکەی ئەمریکا پێشێلکاری ئاشکرای لێکتێگەیشتنەکەیە
شۆڕش قادری
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر چەند دامەزراوەیەکی نزیک کەناراوەکانمان پێشێلکاری ئاشکرای لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگە.
درەنگانی شەوی رابردوو فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەند کۆگایەکی موشەک و درۆنیان لە نزیک گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج.
دواتر سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی ئەو هێرشە، چەند پێگەیەکی ئەمریکایان لە ناوچەکە بە ئامانج گرتووە.
ئەمڕۆش وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، “هێرشەکەی ئەمریکا پێشێلکاری ئاشکرای یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاڵی یەکەمی ئەو لێکتێگەیشتنەیە کە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کراوە، هێزە چەکدارەکانیشمان مافی خۆیانە وەڵامی ئەو دەستدرێژیانە بدەنەوە”.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، دەرەنجام و پێشهاتەکانی دوای ئەو هێرشە دەکەوێتە ئەستۆی واشنتن و داوایشی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، لە ئاست ئەو جۆرە کردەوانە بێدەنگ نەبن و بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.