"نەزانییە تمەنی وشکە بکڕی"
تمەن لە نێوان حەواڵە و نەختدا سێ ملیۆنی فەرقە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
مامەڵەکارێکی دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی باسی جیاوازی نرخی تمەن لە کوردستان و تاران دەکات و دەڵێت، “لە نێوان حەواڵە و نەختدا سێ ملیۆنی فەرقە و ئەو پەڕی نەزانییە، لەئێستادا ئینسان تمەنی وشکە بکڕێت”.
شەماڵ هیدایەت چەند ساڵێکە لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ئیش دەکات و ئەزموونێکی باشی لە بوارەکەی خۆیدا پەیدا کردووە، ئەو دەڵێت، “لە ئێستادا 100 دۆلاری ئەمریکا بە نزیکەی 16 ملیۆن تمەنە بە حەواڵە و بە نەختیش 13 ملیۆن دەکات، دوێنێ ئێوارە 100 دۆلار بە 11 ملیۆن و 700 هەزار تمەن کڕدراوە، ئەمڕۆ بووە بە 13 ملیۆن، هەربۆیە کۆمەڵێک خەڵک تووشی زەرەر بوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەناو بازاڕی دراو هەندێک باند هەن کە یاری بە بازاڕەکە دەکەن و لە نێوەندەشدا کۆمەڵێک خەڵکی نەزان و ناشارەزا کە ئاگایان لە بۆرسە نییە، تێدەکەون و باجەکەی دەدەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری