"دوای خزمەتکردنی رادەستی پۆلیس کرا"

منداڵێکی ساوا لە بەردەم مزگەوتی بەردەڕەش دۆزرایەوە

شڤان عەبدوڵا – دهۆک

منداڵێکی ساوا لە بەردەم مزگەوتی قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک دۆزرایەوە و دوای خزمەتکردنی رادەستی پۆلیس کرا.

سیداد دەرباز گەنجێکی دانیشتووی بەردەڕەش ئەو کەسەیە کە منداڵەکەی دۆزیوەتەوە، ئەو بە 964ـی وت، “نزیک کاتژمێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27.6.2026 کاتێک بۆ نوێژی بەیانی دەچوومە مزگەوت، بینیم لەبەر دەرگای مزگەوتەکە منداڵێکی تەمەن یەک بۆ دوو رۆژ لەناو کاریکۆتێک دایە و عەلاگەیەکی رەشیش کە هەندێک شیر و حەفازە و مەمەی شیری تێدابوو، لە تەنیشتی دانرابوو”.

“هەر خێرا تەلەفۆنم بۆ برا و براژنەکەم کرد، بردمانەوە بۆ ماڵ، شیرمان پێدا و خزمەتێکی باشمان کرد”، سیداد دەرباز وای وت.

باسی لەوەشکرد، دوای خۆرهەڵاتن موختاری گەڕەک و پۆلیسیان لەو بابەتە ئاگادارکردووەتەوە و دواتر منداڵەکەیان رادەستی پۆلیسی بەردەڕەش کردووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری