سێ کەسی دیکەش بریندارن
بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک پێکیاندادا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا
سیروان خورشید – خورماتوو
لەسەر رێگای کەرکوک – بەغدا و لە سنووری چیای حەمرین، بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک پێکیاندادا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا، سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
عەقید عەباس حسێن بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی دیالە بە 964ـی وت، “رووداوەکە لە نێوان بارهەڵگرێک لە جۆری میتسیۆبۆشی و تۆیۆتا کرۆلایەک بووە، کرۆلاکە پێنج سەرنشینی تێدا بووە، دوو کەسیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسەکەی دیکە برینداربوون”.
بەقسەی عەقید عەباس، دەعمەکە کاتێک روویداوە کە کرۆلاکە هەوڵیداوە، پێش ئۆتۆمبێلێک بکەوێتەوە، لەناکاو لە تاسەیەکی داوە و بەوهۆیەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە بارهەڵگرەکەدا کێشاوە.
تا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا برینداربوون و گیانیان لەدەستداوە، نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری