دوو خوێندکار "شانۆی تاوان" دروست دەکەن

بە عەینەکێکى جیاواز شوێنەواری تاوان دەدۆزنەوە

وریا فەتاح

دوو خوێندکاری بەشی “بەڵگەی تاوان” لە پەیمانگای برایت، لە ئەزمونێکی مەیدانیدا سەکۆیەکی تایبەت بە “شانۆی تاوان”یان داناوە و تێیدا نوێترین تەکنیکەکانی پشکنین و کۆکردنەوەی بەڵگە زانستییەکان نمایش دەکەن.

هاوناز قادر و رۆژ خەسرەو، ئەو دوو خوێندکارەن کە دەیانەوێت وانە تیۆرییەکانیان تێکەڵی کار و ئەزمونی مەیدانی بکەن. ئەوان لەو سەکۆیەدا هەموو ئەو کەرەستە و ئامێرانەیان نمایش کردووە کە پۆلیسی زانستی بۆ ئاشکراکردنی سەرەداوی تاوانەکان بەکاریان دەهێنێت.

رۆژ خەسرەو باس لە وردەکاری ئەو ئامێرانە دەکات کە لە شانۆی تاوانەکەدا دایانناوە، یەکێک لەوانە “عەینەکێکی تایبەتە” کە توانای هەیە شوێنەواری تف، لیک و شلەمەنییەکانی جەستە بە رەنگی مۆر دەربخات، تەنانەت ئەگەر بە چاوی ئاساییش نەبینرێن. جگە لەوەش، رێگەی زانستی بۆ هەڵگرتنەوەی شوێنپێی تۆمەتباران و پاراستنی بەڵگەکان لە فەوتان نمایش دەکەن.

هاوناز قادر، کە بە حەماسەتەوە کار لەسەر کۆکردنەوەی بەڵگەکان دەکات، ئامانجییەتی لە داهاتوودا ببێتە ئەندامێکی کاریگەر لە بەشی “بەڵگەی تاوانی پۆلیس”.

ئەو دەڵێت: “دەمانەوێت لە ئێستاوە راهێنان بکەین تا لە داهاتوودا بە شێوازێکی پرۆفیشناڵ خزمەت بکەین و هیچ تاوانبارێک نەتوانێت لە دەستی یاسا رزگاری بێت”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح