چوارەمین فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک دەستپێدەکات
قاتی کوردی 1500 دۆلاری بۆ فێستیڤاڵەکە دووراوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بڕیارە لەرۆژانی 10 و 11ـی ئەم مانگە فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، تەنیشت پردی دەلال بەرێوەبچێت.
دوای راگەیاندنی کاتی فێستیڤاڵەکە، جموجوڵ کەتووەتە بازاڕەوە و قوماشی کوردی و بەرگدوورەکان بەرناکەون.
لەم فیستیڤاڵەدا کوردانی هەر چوار پارچەکەی کوردستان و گرووپە هونەری و هەڵپەڕکێیەکانی ئەرمینیا و نایجیریا بەشداردەبن.
لەتەنیشت پردی دەلال 20 دوکان بۆ کوردانی چوار پارچەکەی کوردستان ئامادەکراون کە پیشەیان فروشتنی قوماشی کوردییە، لەناو ئەو دوکانانەدا قوماشی کوردی نمایش دەکەن.
بڕیارە هونەرمەندی ناوبانگی کورد هۆزان دینۆ بەشداری فێستیڤاڵەکە بکات.
قاسم سلێڤانەی، بەرگدوورێکی بەناوبانگی جلی کوردییە لەزاخۆ بە 964 وت، فێستیڤاڵی جلی کوردی وەکو جەژنێکی لێهاتووە لەزاخۆ، ئێستا ئێمە شەو و رۆژمان نەماوە لەبەر ئەوەی خەڵک قوماشی کوردی دێنن و بۆیان دەدورێن.
وتیشی، گرانترتن قوماش کەهاتووەتە لام نرخی هەزار و 500 دۆلار بووە ،خاوەنەکەی بۆ ئەم فیستیڤاڵە لەبەری دەکات.
لەوەتەی زاخۆ بووەتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ،ئەمە دەبێتە چوارەم فێستیڤاڵی جلی کوردی بەدوای یەکدا لەزاخۆ بکرێت.
پێداچوونەوە: شیرین ساڵح