"مامۆستایەک لە خورماتوو هۆشداری دەدات"

جیاوازی لە نێوان خوێندکارانی هەرێم و ناوچە دابڕاوەکان دەکرێت


سیروان خورشید – خورماتوو

مامۆستایەک کە هاوکات باوکی خوێندکارێکی یەکەمە لە قەزای خورماتوو پەردە لەسەر جیاکارییەکی گەورە لە پرۆسەی وەرگرتنی زانکۆکاندا لادەدات و دەڵێت: رەنج و ماندوبونی خوێندکارانی ناوچە دابڕاوەکان پێشێل دەکرێت.

بەکر ئەحمەد، مامۆستا لەقوتابخانەی دێریاسین، بۆ 964قسەی کردوەو دەڵێت،” جیاوازییەکی بەرچاو و نادادپەروەرانە لە نێوان خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان و بەتایبەت کەرکوک و خانەقین و خورماتوو دەکرێت و لە کاتێکدا خوێندکارێک لە هەرێمی کوردستان بە کۆنمرەی 97 شانسی وەرگرتنی لە بەشی پزیشکی گشتی هەیە، بەڵام بۆ خوێندکارانی خورماتوو و ناوچە دابڕاوەکان هەمان کۆنمرەی 97% و لە پزیشکی گشتی وەرناگیرێن.”

دەشڵێت، کێشەکە تەنیا لە سیستمەکەی ئاساییدا نییە، بەڵکو تەنانەت رێگەی بەکارهێنانی سیستمی خوێندنی تایبەت و بە بەپارەش دادەخرێت و تەنانەت ئەگەر خوێندکار و بنەماڵەکەی ئامادەبن پارەش بدەن، دیسان لە بەشی پزیشکی گشتی وەرناگیرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەش ناڕەوا دەستکاریی داهاتووی رۆڵەکانیان کە بە شەونخۆنی و هەوڵدانێکی زۆرەوە نمرەی بەرز بەدەستدەهێن مافیان پێشێل دەکرێت.

ساڵانە خوێندکارانی سەرکەوتوی خورماتوو و ناوچە دابڕاوەکان لە کاتی ناونوسین و دابەشکردنی بەشەکانی زانکۆدا روبەڕوی گرفت و کێشەی سیستمی وەرگرتن دەبنەوە و داواکارن لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی خوێندنی باڵا بەزوویی ئاوڕ لەم کێشەیە بدەنەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح