پەیامنێری 964 مووچەکەی باوکی بۆ وەرنەگیرا
ATMـەکانی هەڵەبجە پارە و کارەبایان تێدا نییە
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە هەڵەبجە سێ جیهازی راکێشانی پارە هەیە، ئەمڕۆ هیچیان ئیشیان نەکرد و مووچەخۆران نەیانتوانی موچەکانیان وەربگرن.
پەیامنێری 964 هەر سێ ATMـەکەی ئاڕ تی بانکی تاقیکردەوە بۆ ئەوەی مووچەکەی باوکی وەربگرێت، دووانیان پارەیان تێدا نەبوو و یەکێکیشیان کارەبای لەسەر نەبوو، بۆیە بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە ماڵەوە.
پەیامنێری 964 لەسەر ئەو کێشەیە قسەی لەگەڵ سەنتەری پەیوەندییەکانی ئاڕ تی بانک کرد، بەم شێوەیە وەڵامیان دایەوە، “لە هەڵەبجە تیممان نییە و ئەوانەی دێن بۆ سیانە کردن و بەدواداچوون بۆ هەر کێشەیەک لە شاری سلێمانییەوە دێن، ئێمەش داواکاریەکەتان تۆمار دەکەین و دەیگەیەنین بەوان، هەتا لە نزیکترین کاتتدا بێن بە دەم کێشەکەوە و چارەسەری بکەن”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری