بۆ کەمکردنەوەی زەرەر و زیانە
ئێران ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردەوە
+964
ژووری هەواڵ
گەمارۆ سەختەکەی ئەمریکا تا دێت قورستر لەسەر ئێران دەوەستێت، ئەوەتا ئێستا ئێرانی ناچارکردووە بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە.
ئاژانسی بلومبێرگ لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئێران بڵاویکردەوە، حکومەتی ئێران ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردووەتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی زەرەر و زیان بە کێڵگە نەوتییەکان.
بلومبێرگ باسی لەوەشکرد، ئێران نزیکەی یەک مانگی لەبەردەمدا ماوە پێش ئەوەی تواناکانی کۆگاکردنی نەوتی کۆتایی بێت.
دوابەدوای داخرانی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە ئێرانییەکاندا، کۆگاکانی هەڵگرتنی نەوتی ئێران نزیک بوون لە پڕبوون.
عەقید سەلام ئەسعەد، راوێژکاری سەربازی 964 لە دوایین بەرنامەی سەعاتی سفر ئاماژەی بەوەدا، کە ئێران سەرقاڵی چاککردنەوەی کەشتیە کۆنەکانە بۆئەوەی وەک کۆگای نەوت بەکاریان بهێنێت، چونکە لە ئەگەری پڕبوونی کۆگاکان، ئێران ناچار دەبێت کێڵگە نەوتییەکان دابخات و ئەمەش زەرەر و زیانێکی زۆر لە کەرتی وزەی ئێران دەدات.
بلومبێرگ باسی لەوەشکرد، هەرچەندە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان، بژاردەیەکی گونجاو دیارە بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان، بەڵام ئێران ناتوانێت بۆ ماوەیکی درێژ بەردەوام بێت لە نەوت دەرهێنان.