ناوەندی شاری بەغدای پایتەختی عێراق _ وێنە: ئاژانسەکان
پێشنیارەکان بۆ یاسای هاتوچۆ لە عێراق
جام رەشکردن تا %30 بەلاش بێت و سزاش بۆ نیوە دابەزێنن
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، گرنگترین ئەو پێشنیارانەی ئاشکرا کرد کە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هاتوچۆ پێشکەش کراون؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکێک لە پێشنیارەکان بریتییە لە رێگەدان بە تاریککردنی جامی ئۆتۆمبێلەکان بە رێژەی 30%.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی نوێترین ئاماژەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، عێراق کەمترین ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتووچۆی لەسەر ئاستی ناوچەکەدا تۆمار کردووە.
فەریق عودەی سەمیر حەسانی، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، پڕۆژەیاسای هەموارکراوی هاتوچۆمان لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان تاوتوێ کردووە، کە چەندین پێشنیاز لەخۆدەگرێت بە ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاوڵاتییان.
سەبارەت بە غەرامەکان، ئاماژەی بەوە کرد، پێشنیاز کراوە بڕی غەرامەکان بۆ نیوە %50 کەم بکرێتەوە و دواتر بۆ 25%یش داببەزێنرێت، هاوکات بڕیاری دوو هێندەکردنی غەرامەکان هەڵدەوەشێتەوە.
بەوردی پێشنیازەکانی یاسای نوێی هاتوچۆی عێراق
1. جام رەشکردن
رێگەپێدان بۆ سەرجەم هاوڵاتییان بە بێبەرامبەر بە رێژەی 30%
تۆخکردنی رەنگەکەی تەنیا لە ئەستۆی هاتوچۆدایە
بێبەرامبەرەکە لۆگۆی سپی بەڕێوەبەرایەتیەکەی پێوەدەبێت
تۆخکردنی بەپارە بە رەنگی قاوەیی دەبێت
دانیپێدانان بە پەنجەرە تۆخکردن لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت
2. سزاکان
کەمکردنەوەی سزای دارایی بۆ نیوە (%50)، دواتر بۆ %25
هەڵوەشاندنەوەی کەمکردنەوەی سزا و دانانی لە ماوەی 3 رۆژدا
هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی دوو بەرامبەرکردنی سزاکان
سزای لێخوڕین بە ئاڕاستەی پێچەوانە 500 هەزار دینارە
3. خێرایی
بەرزترین خێرایی 140 کم/کاتژمێر لەسەر رێگا خێراکان
120 کم/کاتژمێر لەسەر رێگا دەرەکییەکان
100 کم/کاتژمێر لەسەر رێگا خێراکانی ناو شارەکان
4. مۆڵەتی لێخوڕین
تەمەنی 18 ساڵ بۆ وەدەستهێنانی مۆڵەت
میکانیزمی تاقیکردنەوەکان وردتر و قورستر دەبن
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر، حەسانی ئاشکرای کرد، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گشتی کاری کردووە بۆ یەکخستنیرێکارەکان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان؛ بە شێوەیەک کە ئەو رێژەی تاریککردنەی لە ناسنامەی ئۆتۆمبێل (ساڵانە) جێگیر دەکرێت یان لە ڕێگەی نووسراوی فەرمییەوە لە لایەن ئێمەوە دەدرێت، لە هەرێمی کوردستان دانی پێدا دەنرێت و کاری پێ دەکرێت، بە هەمان شێوەش بۆ ئۆتۆمبێلەکانی هەرێم لە ناوچەکانی دیکەی عێراق هەمان ڕێکار جێبەجێ دەبێت.