یەکێکیان غازی بە گران فرۆشتووە

دوو بریکاری غاز لە هەڵەبجە سزادران

شۆڕش قادری

دوو بریکاری غاز لە هەڵەبجە سزادران، یەکێکیان غازی بە گران فرۆشتووە و ئەوەی دیکەشیان پسوڵەی لە هاوڵاتیان وەرنەگرتووە و کەس نازانێ چۆن ‌بوتڵەکانی دابەش کردووە.

بەپێی راگەیەنراوێکی لیژنەی سوتەمەنی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە،  بەهۆی پابەندنەبوونی بە نرخی دیاریکراو و گرانفرۆشی، بریکارێکی دابەشکردنی غاز سزادرا​وە.

بریکارێکی دیکە بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی لیژنەکە و وەرنەگرتنی پسوڵەی غاز لەهاوڵاتیان و ناڕوونی لە چۆنیەتی فرۆشتنی غاز سزا دراوە.

لیژنەی سوتەمەنی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە دەڵێت، نرخی یەک بوتڵ غاز تەنیا و تەنیا بایی هەشت هەزار و 500 دینارە و داوایش لە هاوڵاتیان دەکات، لە کاتی بەدیکردنی هەر سەرپێچییەک لەلایەن بریکارەکانەوە، لیژنەکە ئاگادار بکەنەوە.