قایمقامی شارباژێر بۆ 964:

“شۆرتی کارەبا هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکەی ئەزمەڕ بوو”

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

ئاگرەکەی شەوی رابردووی شاخی ئەزمەڕ لە سلێمانی بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە کە رووبەرێکی بەرفراوانی لە پوش و پاوان سووتاندووە و زیانی بە داربەڕووەکانیش گەیاندووە.

شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە شاخی ئەزمەڕ بە دیوی سیتەک کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لە هەوڵ و تەقەلای تیمەکانی بەرگری شارستانی و خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە، ئاگرەکە بێ زیانی گیانی کۆنتڕۆڵ کرا.

فەرهاد ساڵح قایمقامی شارباژێر بە 964ـی وت، “بە قەناعەتی هەموومان هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە، چونکە لە ناوەڕاستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە، حاڵەتەکە دووبارە بووە و کارەبا شۆرتی کردەوە، جگە لەوەش ئەو شوێنە رێگای هیچ کەسی بەسەرەوە نییە و تەنانەت دوێنێ شوانیشی لێ نەبووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ئاگرەکە زیانی زۆری بە درەختەکان نەگەیاندووە، بەڵام پوش و پاوان و رووبەرێکی زۆر سووتاوە و ئەوەش زیانی بە زیندەوەرانی شاخەکە گەیاندووە.

هەرچەندە شەوی رابردوو دەوترا کە رەشەبا کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەی زەحمەت کردووە، بەڵام قایمقامی شارباژێر رایەکی جیاوازی هەیە و دەڵێت، “باکە هاوکاربوو لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە، چونکە بەپێچەوانەوە دەهات و تیمەکان و گەنجە خۆبەخشەکانیش شارەزابوون لەو حاڵەتەدا”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری