"لە ناو ماڵان رێگە بە بەخێوكردنی ئاژەڵ نادرێت"
قایمقامی بازیان ئاژەڵداران ئاگادار دەکاتەوە و داوایەکیش لە مامۆستایانی ئاینی دەکات
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بەپێی بڕیارێكی قایمقامی قەزای بازیان، ماوەی هەفتەیەك مۆڵەت دەدرێت بەو خاوەن ئاژەڵانەی لەناو قەزاكە و لەناو ماڵاندا ئاژەڵ بەخێودەكەن و دەبێت چۆڵی بكەن.
لەقەزای بازیان، رێژەیەكی زۆری گەوڕ و شوێنی بەخێوكردنی ئاژەڵ هەیە و ماڵی وایە چەند مانگایەك و زیاتر لە 300 سەرمەڕ لە ناو شوێنی نیشتەجێبوون بەخێو دەكەن.
لەبارەی بڕیارەكەوە، تارق رەشید قایمقامی بازیان بە 964ی وت، بڕیارەكە لەسەر داواكاری خەڵكە و بەهۆی زۆری ئاژەڵ لەناو ماڵاندا بەتەواوی خەڵكی هەراسان كردووە و بۆیە دەبێت لەو ماوەیەی دیاریكراوە سەرجەم شوێنی بەخێوكردنی ئاژەڵان لاببرێت، سەرەتا لەناو كۆڵانەكانەوە دەست پێدەكەن و دواتریش گەوڕەكانی دەورووبەری قەزاكە دەگرێتەوە.
دەشڵێت، لە هەنگاوی یەكەمدا، بۆ سبەی كە هەینییە داوامان لە مامۆستایانی ئاینی كردووە كە لە مینبەرەكانەوە هاوكاریمان بكەن و خەڵكی ئاگادار بكەنەوە و پێویستە بۆ پاكردنەوەی قەزاكەمان خەڵكی پابەند بن بە بڕیارەكەوە.
وەك خۆی باسی دەكات، ئەگەر ئاژەڵداران هاوكار بن، لەگەڵ شارەوانی لەپەیوەندیدایە كە زەوی بۆ شوێنی بەخێوكردنی ئاژەڵان لە دەرەوەی قەزاكە دابین بكات و هەر خاوەن ئاژەڵێك خانەیەكی پێ دەدرێت.
قایمقامی بازیان ئەوەشی خستەڕوو، سەرەتا بەشێوازی ئاگادار كردنەوە لەگەڵ ئاژەڵداران مامەڵە دەكەین و دواتر ئەگەر بڕیارەكە جێبەجێ نەكەن، لەرێگەی بەشی یاسایی شارەوانی بازیانەوە رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەكرێنەوە.
پێداچوونەوە: ژووری هەواڵ