دوای نۆ رۆژ گەڕان هێشتا تەرمی گەنجە خنکاوەکەی کەلار نەدۆزراوەتەوە

964+
میلاد جەلال- گەرمیان

ماوەی نۆ رۆژە تیمەکانی بەرگری شارستانی گەرمیان و ژمارەیەکی زۆر لە خۆبەخشانی ناوچەکە بەدوای سەرەداوێکدا دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجەی کە کەوتووەتە ناو رووباری سیروانەوە.

ئێوارەی ئەمرۆ چەند منداڵێک لە نزیک پڕۆژەیەکی ئاو لە کۆڵەجۆ ئاماژەیان بە بینینی تەرمێک کردووە، ئەمەش هیوایەکی نوێی بۆ تیمەکانی گەڕان گەڕاندووەتەوە، یەکێک لە گەنجانی خۆبەخش کە لە شوێنی رووداوەکەوە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: “نزیکەی چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیمان لە کۆڵەجۆوە پێگەیشت کە گوایە سێ منداڵ تەرمی گەنجە خنکاوەکەیان لە ناو پڕۆژەیەکی ئاو بەرەو باوەنوور بینیوە.

ئەو خۆبەخشە ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەوان وەک تیمی خۆبەخشان یەکەم کەس بوون گەیشتوونەتە ئەو شوێنەی منداڵەکان ئاماژەیان پێکردووە و دوای قسەکردن لەگەڵ هەر سێ منداڵەکە، وتەی هەموویان هاوڕا بووە لەسەر بینینی تەرمەکە.

لە ئێستادا تیمەکانی بەرگری شارستانی و خۆبەخشان لە هێڵەکانی گەڕان بەردەوامن و ئومێد دەخوازن لە رێگەی ئەم زانیارییە نوێیەوە لە ماوەیەکی نزیکدا تەرمەکە بدۆزنەوە و ڕادەستی کەسوکاری بکەنەوە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح