“حەقی ژیانی شەخسیم چیە”

رووبار خالید بەس رۆناڵدۆ و مێسی دەناسێ هاندەری ئەرجەنتینیشە

دیلان محەمەد- سلێمانی

رووبار خالید، هێشتا بە یادی منداڵیی و گەنجییەوە جەماوەری ئەرجەنتینە و دەشڵێت، بەس مێسی و رۆناڵدۆ دەناسم، شتێکیش لەسەر مارادۆنا دەزانێ و لە بیری نەچووە.

لە گفتوگۆیەکی خۆش و پڕ لە پێکەنین، لەگەڵ یەکێک لە ئەکتەرە ناسراوەکانی سلێمانی دەربارەی مۆندیال قسەمان کرد، بە تەواوی راستگۆیانە هەر لەسەرەتاوە وتی، لە ئێستاوە لەسەر پرسیارەکان دەرناچم و زانیاریم زۆر نییە لەسەری.

جا بە حسابی خۆی هاندەری ئەرجەنتینە، کەچی نەیزانی رەنگی جلەکانیان چیە، نەیتوانی ناوی سێ یاریزانیشمان پێبڵێ، لەوەش گەڕێ نەیزانی ژنەکەی مێسی ناوی چیە و وتی، من حەقی ژیانی شەخسیم چیە؟

لەم کەین و بەینەدا باسی لە هاوسەرەکەی کرد و بە پێکەنینەوە وتی، رەحمانی مێردم هەر زوو ماندوو دەبێت و زوو دایەنیشێنن و نەگبەتیش روو ئەکاتە تیپەکە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح