دانەیەکى نارد بۆ سلێمانى
وەستایەک لە هەولێر مەکینەى ئۆتۆمبێل بە کەمدەرامەتان دەبەخشێت
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
کاری خێر و بەخشین نەک تەنیا دڵ و دەروون ئاسوودە دەکات، بەڵکو لای وەستایەکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، بووەتە سەرچاوەی زیادبوونی رزق و رۆزی. ئەم وەستایە بڕیارى داوە هەر کەسێک بزوێنەر (مەکینە)ی ئۆتۆمبێلەکەی لەکار بکەوێت و باری دارایی خراپ بێت، ئەو بەخۆڕایی مەکینەیەکی نوێی پێ دەبەخشێت.
وەستا رزگار عەلی، کە خاوەنی گەراجێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە لە پایتەخت، سەبارەت بەم دەستپێشخەرییەی بۆ 964 دوا و وتی: “تاوەکو ئێستا زیاتر لە 60 مەکینەمان بەو کەسانە بەخشیوە کە توانای کڕینیان نەبووە، بڕوای تەواوم هەیە کە ئەم کارە رزق و رۆزیمان زیاد دەکات.”
دەستی هاوکاریی وەستا رزگار تەنیا بۆ دانیشتووانی هەولێر نییە، بەڵکو سنوورەکانی بڕیوە. ئەو دەڵێت: “جگە لە هەولێر، هەر شۆفێرێک لە پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکوک و دهۆکیش پێویستی پێمان بێت و هەژار بێت، مەکینەکەی بۆ رەوانە دەکەین.”
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە (30.4.2026)، وەستا رزگار مەکینەیەکی ئۆتۆمبێلی جۆری تاکسی بۆ پارێزگای سلێمانی بارکرد، کە بڕیارە پێشکەش بە شۆفێرێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت بکرێت، تاوەکو ببێتە هۆکارێک بۆ نەدۆڕانی لە ژیان و بەردەوامبوونی لە پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەی.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح