"هەموو بەیانییەک دێن"

کوکوختییەکان میوانی دوکانێکی دانەوێڵەن لە سلێمانی

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

لە ناو جەرگەی بازاڕی شاری سلێمانی و لە نزیک حەمامێکی کۆنی ئەو شارە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش دەبینرێت، ژمارەیەک لەو دوکانانەی دانی باڵندە دەفرۆشن، بەشێکی خواردنەکانیان بۆ باڵندە کێوییەکان وەک کوکوختی و چۆلەکە تەرخان کردووە و رێگەیان دەدەن بە ئارەزووی خۆیان بێنە ناو دوکانەکان و دان بخۆن.

یەکێک لە دوکاندارەکان بۆ 964 باس لەوە دەکات، کە زیاتر لە پێنج ساڵە ئەم باڵندانە بوونەتە میوانی هەمیشەیی و هەموو بەیانییەک چاوەڕێی دەکەن تا دوکانەکەی بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر رۆژێک درەنگیش بگاتە سەر کارەکەی، دەبینێت باڵندەکان لەسەر دیوارەکان نیشتوونەتەوە و چاوەڕێی کردنەوەی دەرگای دوکانەکەن بۆ ئەوەی ژەمە خواردنی بەیانیان بخۆن.

ئەو دوکاندارە ئاماژە بەوەش دەکات، کە ئەم کارە نەک هەر زیانی پێ نەگەیاندوون، بەڵکو هەست دەکات رۆژ بە رۆژ بەرەکەت و رزقی زیاتر دەبێت، دەشڵێت، زۆربەی ئەو باڵندانەی سەردانی دوکانەکە دەکەن کوکوختین، کە هەندێکیان ئەوەندە راهاتوون لە مرۆڤەکان ناترسن و لە ناو فەردە و قاپەکاندا دانی خۆیان دەخۆن، ئەمەش دیمەنێکی جوان و ئارامی بەو ناوچە قەرەباڵغەی بازاڕ بەخشیوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر