دەستەی گەشتوگوزار بە هەشت رێنمایی پلانی بۆ نەورۆز راگەیاند

964+

فەرمان سادق

دەستەی گەشتوگوزار بۆ پشووەکانی ئادار و نەورۆز هەشت رێنمایی دەرکرد. لەوانە چاودێریکردنی نرخ و ئاسانکاری بۆ گەشتیاران لە بازگەکان.

دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: ئامانج لەو رێنمایی و پلانە ئەوەیە بە شێوەیەکی شارستانی و پێشکەوتوو پێشوازی لە گەشتیاران بکرێت،

رێنماییەکانی دەستەی گەشتوگوزار ئەمانەن:

1-     لیژنەی تایبەت بە بازگەكان، سەردانی بازگەكان دەكات؛ تیمی گەشتوگوزار، بە پێدانی شیرینی و دابەشكردنی بڵاوكراوەی گەشتیاری بەسەر گەشتیاران وەك: رێبەری گەشتیاری، نەخشەی گەشتیاری، بروشور، پێشوازی لە گەشتیاران دەکات.

هەروەها رێنماییی پێویست بە گەشتیاران دەدەن و ژمارەیەكی تایبەتی پەیوەندی دابینكراوە، بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن لەكاتی بوونی هەر كێشە و گرفتێك پەیوەندی بکەن.

2-    سەرجەم بنکە گەشتیارییەکان، بەتایبەت چێشتخانەکان، ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێ لە رۆژانی پشوو کراوە بن.

3-     لیژنەی تایبەت بە سەردانی بنكە گەشتیارییەكان هەیە، بۆ ئەوەی چاودێریی كوالێتیی خزمەتگوزارییەكان بكەن و لە رووی نرخیشەوە رێگە لە کەڵکاوەژوو (استغلال)ی گەشتیاران بگرن.

4-     هەماهەنگیی تەواو و پێویست لەگەڵ دەزگاكانی ئاسایشی بازگەكان و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ دەکرێت: هاتوچۆ، تەندروستی، بەرگریی شارستانی، بە مەبەستی دابینكردنی ئاسایش بۆ گەشتیاران لە كاتی مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان و ئاسانكاری لە كاتی هاتنەناوەوەیان بۆ ناو هەرێمی كوردستان.

5-     بۆ پاکوخاوێنیی ژینگە، تیمەکانی گەشتوگوزار لەسەر رێگە گشتییەکان، کیسەخۆڵ و بەسەر سەیرانکەران و گەشتیاراندا دابەش دەکەن.

6-     لەگەڵ رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی، کەمپەینی پاککردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکان بەڕێوەدەبرێت.

7-    رێنمایینامە (بروشور) و هۆشیاریی تایبەت بە ژینگەپارێزی بڵاودەکرێتەوە و دەگەیەنرێتە گەشتیاران.

8-    چەندین فێستیڤاڵ و چالاکی بە هەماهەنگیی ئیدارەی خۆجێیی شارەکان و کەرتی تایبەت بەڕێوە دەچن.

بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێنمایی و پلانە، دەستەی گەشتوگوزار لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و بنكەكانی گەشتیاری، چەندین لیژنەی پێکهێناوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی شارستانی و پێشکەوتوو، پێشوازی لە گەشتیاران بكرێت و كەشێكی ئارام و لەباریان بۆ بڕەخسێنرێت.