ئەگەرێک بۆ جەنگ و ئاشتی
ئایا یۆرانیۆمهكهی ئێران دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتێکی سێیەم؟
964+
فەرهاد حەسەن
گرێكوێرهى دانوستان و گفتوگۆكانه له نێوان ئێران و ئهمریكا و بووهته خاڵێكی ههره گرنگی مهرج و پێداگرییهكان، بێگومان باسی یۆرانیۆم دەکەم، ئەو مادەیەی دهكرێت ببێته هەوێنی ئاشتى و بهپێچهوانهشهوه دهكرێت بهردهوامى به جهنگ و ماڵوێرانییهكان بدات، بۆیە ههردوو لایهنى واشنتن و تاران لهبهرامهر یهكدیدا قسهى جیاوازی لهسهر دەکەن.
بۆ چارهسهركردنى دۆخهكه، پێشنیار و داواكارى هاتوونهته گۆڕێ، ئهویش ئهوهیه كه یۆرانیومهكه نه له ئێران بمێنێتهوه و نه ئهمریكاش بیباته لاى خۆی، بهڵكو وڵاتى سێیهم بێته ناو بابهتهكه و یۆرانیۆمهكهى ئێران له سوچێكى وڵاتهكهیدا به پارێزراوى ههڵبگرێت.
بەپێی دوایین ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، پێش جەنگی مانگى حوزەیرانی 2025، ئێران خاوەنی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوە بە رێژەی %60 دیاره ئەم رێژەیەش زۆر نزیکە لە ئاستی %90 کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستە.
بەڵام، دهمێكه پڕۆسەی چاودێری و پشکنینە نێودەوڵەتییەکان لهسهر پڕۆگرامه ئهتۆمییهكهى ئێران وهستاون، بۆیه هەواڵگرییەکانی رۆژئاواش گومانی ئەوە دەکەن کە بڕی راستەقینەی ئەو یۆرانیۆمە لەوە زۆر زیاتر بێت کە راگەیەندراوە.
ماوەیەکە سیناریۆ پێشنیازکراوەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، ئەوەیە کە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەى ئێران بۆ وڵاتێکی سێیەم بگوازرێتەوە، وەک ئەوەی لە ساڵی 2015 دا بەشێکی بۆ رووسیا گواسترایەوە، ئێستاش رووسیا ئامادەیی خۆی نیشان داوەتەوە بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمەکە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆکانی رووسیا و ئەمریکا ئەنجامدرا، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) بەشێک لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکەی ئاشکرا کردووە، تێیدا رووسیا پێشنیاری کردبوو “یۆرانیۆمەکەی ئێران بگوازرێتەوە بۆ وڵاتەکەی”، بەڵام دۆناڵد ترەمپ پێشنیارەکەی پۆتینی رەتکردەوە.
بەپێی ماڵپەرەکە، رووسیا یەکێکە لەو وڵاتە کەم و دەگمەنانەی جیهان، کە دەتوانێت ئەو جۆرە ماددانە وەربگرێت، چونکە هێزێکی ئەتۆمی گەورەیە و پێشتریش یۆرانیۆمی ئێرانیی بە ئاستی نزم لای خۆی کۆگا کردووە.
ئەمە یەکەمجار نییە ترەمپ پێشنیازێکی لەو شێوەیە رەتبکاتەوە، پێشتریش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا لە کاتی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، مۆسکۆ چەندین بیرۆکەی هاوشێوەی پێشکەش کردبوو.
ئێستا گەورەترین کێشە لەبەردەم رێککەوتنەکە ئهوهیه، واشنتۆن سوورە لەسەر راگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام ئێران ئەمە بە “مافێکی سەروەریی” خۆی دەزانێت و ئامادە نییە دەستبەرداری بێت.
شارەزایان پێیانوایە هەر رێککەوتنێک لهنێوان تاران و واشنتۆن بکرێت، نابێتە هۆی کۆتاییهاتنی تەواوەتی قەیرانەکە، بەڵکو تەنیا کۆت و بەندی درێژخایەن دەخاتە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکە و چاودێرییە نێودەوڵەتییەکان توندتر دەکرێن بۆ رێگریکردن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
جا بابەتی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراویش، پرۆسەیەکی هەوا سووک و سانا نییە، بەڵکو بە یەکێک لە ئاڵۆزترین پڕۆسە لۆجستییەکان لە جیهاندا دادەنرێت، بەپێی قسەی شارەزایانی ئەو بوارە لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، پێویستە بۆ پڕۆسەی گواستنەوەکە ماددەکە بگۆڕدرێت، دواتر سارد بکرێتەوە و ببێتە ماددەیەکی رەق و لەناو لوولەکی پۆڵاینی زۆر بەهێزیشدا دابندرێت، ئەم لوولانە بە شێوەیەک دروستکراون کە بەرگەی پێکدادانی زۆر سەخت و ئاگری بەهێز دەگرن، کە پلەی گەرمییەکەی بگاتە 800 پلەی سەدی.
لەهەمووشی مەترسیدارتر، پێویستە ئاژانسی وزە، لەکاتی گواستنەوەیدا گەرەنتی ئەوە بکات کە ئەو مۆرە فەرمییانە دەستکاری نەکرێن کە لەسەر مادەکە دەدرێن، چونکە شارەزایان دەڵێن، ئەگەر لێچوونێکی دەگمەن رووبدات، یۆرانیۆم لەگەڵ شێی هەوا کارلێک دەکات و ترشێکی ژەهراوی بەرهەم دەهێنێت، لە رووی ئەمنیشەوە مەترسیی ئەوەی لێدەکرێت کەلە کاتی گواستنەوەیدا بکەوێتە دەست لایەنێکی رێگەپێنەدراو، بۆیە ئەم گواستنەوەیە پێویستی بە چاودێریکردن هەیە لە رێگەی مانگە دەستکردەکان و پاراستنی هەواڵگریی گشتگیر.
کەواتە رووسیا دەبێتە خانەخوێی پاراستنی یۆرانیۆمەکەی ئێران و واشنتن و تارانیش دەگەنە ئاگربەستێکی یەکجاری؟