لەرێگای وشکانییەوە

عێراق 115 کاروانی حاجیانی هەرێم و 29 کاروانی کەرکوک بەڕیدەکات

964+

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ بەڕێکردنی حاجیانی کەرکوک و هەرێمی کوردستان، لە رێگەی وشکانییەوە بۆ وڵاتی سعودیە، بۆ ئەم مەبەستەش پلانێکی ئەمنی و لۆجیستی تۆکمە بۆ پاراستنی کاروانی حاجیانی دەگرێتە بەر.

مەروان عانی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکان لە پارێزگای کەرکووک بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، عەبدولئەمیر شەمه‌ری، وەزیری ناوخۆ لە رێگەی بازنەیەکی تەلەفزیۆنی داخراوەوە سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کردووە لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکانی کەرکوک، بە مەبەستی داڕشتنی وردەکارییەکانی پاراستنی کاروانەکان کە حاجیانی کەرکوک و هەرێمی کوردستانیش لەخۆ دەگرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، کەرکوک وەک وێستگەیەکی سەرەکی، ئاسانکاری بۆ تێپەڕبوونی 115 کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان دەکات، جگە لە 29 کاروانی تایبەت بە پارێزگای کەرکوک کە کۆی گشتییان  هەزارو 382 حاجییە.

بڕیارە یەکەم گروپی حاجیان لە 26.4.2026 بە سێ قۆناغی جیاوازدا دەست بە جوڵە بکەن و تەواوی رێگاکە تاوەکو سنوورەکانی عێراق – سعودیە بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان پارێزراو دەبێت.

"حاجیانی کوردستان تەنیا بەرێگای وشکانی گەشت دەکەن"