بزانە چەندى تەواو بووە؟

 بە شەو و ڕۆژ کار لە دووسایدی دوکان-چوارقوڕنە دەکرێت

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کارکردن لە پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی (دوکان – چوارقوڕنە) بەردەوامە و تیمەکان بە شەو و ڕۆژ سەرقاڵی کارکردنن تێیدا.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، لە ئێستادا کارەکانی قۆناغی دووەم و سێیەمی پڕۆژەکە هەنگاوی گرنگی بڕیوە. بە چڕی کار لەو بەشەی ڕێگاکەدا دەکرێت کە دەکەوێتە نێوان (کانی وەتمان) بۆ ناحیەی (خەلەکان)، کە درێژییەکەی 14 کیلۆمەترە. لەم بەشەدا سایدی لای راست لە تەواوبووندایە و هاوکات کارکردن لە سایدی بەرامبەریش بەردەوامە، هەروەها دەستکراوە بە کارەکانی دروستکردنی پردی (فریزەڵە).

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، پێشتر و لە ماوەکانی رابردوودا، 11 کیلۆمەتر لەو ڕێگا دووسایدە کە دەکەوێتە نێوان (هیزۆپ بۆ کانی وەتمان) بەتەواوی کۆتایی هاتووە.

ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کە لەلایەن کۆمپانیای (گەردین)ـەوە جێبەجێ دەکرێت، پێکهاتووە لە رێگایەکی دووساید بە درێژایی 36.5 کیلۆمەتر و تێچووەکەی زیاتر لە 243 ملیار دینارە.

پڕۆژەى رێگاى دوسایدى چوارقوڕنە- دوکان چییە؟

یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژە گرنگەگانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە، رێگاى سەرەکییە، دانیشتوانى ئیدارەى راپەڕین، سۆران، بەشێکى هەولێر و دهۆک بە  سلێمانییەوە، دەبەستێتەوە.

پڕۆژەکە لە مەفرەقى حاجیاوا، واتا لە دەروازەى چوارقوڕنەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە قەزاى دوکان و نزیکەى 55 کیلۆمەترە.

پڕۆژەکە سێ قۆناغە بەم شێوەیە:

قۆناغى یەکەم: لە مەفرەقى حاجیاوا دەستپێدەکات و لە رێگاى سماقوڵى کۆتایى دێت، درێژییەکەى 18 کیلۆمەترى دوو سایدە، کارەکانى ئەو قۆناغە تەواو بووە و تەنیا سیتمى هێڵ و رووناکى ماوە.

قۆناغى دووەم: لە رێگاى لادان بۆ سماقوڵى دەستپێدەکات تا دەگات بە خەلەکان کە درێژییەکەى 25 کیلۆمەترە، لە 2021 سایدێکى رێگاکە 7 کیلۆمەتر و 200 مەترى قیرکراوە و هاتوچۆى بەسەردا دەکرێت.

قۆناغى سێیەم: لە دواى قۆناغى دووەم دەستپێدەکات تا دەگاتە ناو دوکان و درێژییەکەى 10 کیلۆمەترە و تائێستا دارى نەخراوەتە سەر بەرد.