"ئەوەی تۆ دەیکەیت بەدڵی ئێرانە"

میدیا جیهانییەکان هەڵە ستراتیژییەکان رووبەڕووی “ترەمپ” دەکەنەوە

964+

فەرهاد حەسەن

پێچەوانەی ئامانج و خواستەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ جەنگەکەی ئێستا، میدیاکان بە دەنگێكی ناڕەزایی بەهێز گوێچكەی ئەو سەرۆكەی ئەمریكا و ئیدارەكەیان وڕ و كاس كردووە، پێی دەڵێن “ئاگادار بە، ئەوەی تۆ لەم جەنگەدا کردووتە و دەیکەیت لە دژی ئێران نییە، بەڵکو بە دڵی ئێرانە، هەست و سۆزی جیاواز بۆ ئەو کۆدەکەیتەوە و بۆ خۆشت دۆست هاوپەیمانەکانت لێ دووردەکەونەوە، بێگومان ئەم دەنگە لە نوخبە هۆشیارەکەی ناو وڵاتەکەی خۆی و وڵاتانی دیكەش دروستبووە.

دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی (نیۆیۆڕك تایمز) هەموویان بەیەكەوە وتارێكیان لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا و وڵاتەكەیان نووسیوە، باسیان لەوەكردووە، كە دوناڵد ترەمپ، ئەمریکا بەرەو لاوازی دەبات، بۆ ئەم مەبەستەش چوار هەڵەی کارەساتبار و كوشندەیان خستووەتەڕوو کە هەڕەشە لە مانەوەی ئەمریكا دەکەن.

هەڵەی یەکەم (ئابووری و ستراتیژی):

ئەم جەنگە، بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە، هەژموونێکی ستراتیژیی جیهانیی بە ئێران بەخشیووە، بەتایبەتیش بەسەر ئابووریی جیهاندا، ئێستا ئێران دەتوانێت کۆنترۆڵی ئابووری جیهان بکات و فشار بخاتە سەر بازاڕەکان، ئەمەش پێش جەنگ بەم شێوەیە نەبوو، ترەمپ هەڕەشەی گەمارۆدانی دەکرد، بەڵام نەیتوانی هورمز بکاتەوە.

هەڵەی دووەم (زیانی سەربازی):

ئەمریکا رووبەڕووی زیانێکی گەورە بووەتەوە لە یەدەگی مووشەکەکانی بەرگری لەوانەش (پاتریۆت)، كە لە ماوەی تەنیا شەش هەفتەی جەنگەكەدا، ئەمریکا نزیکەی چارەکێکی تەواوی مووشەکەکانی بەرگریی خۆی خەرجکردووە، جا دەڵێن دووبارە دروستکردنەوە و پڕکردنەوەی ئەم کۆگایانە پێویستی بە ملیاران دۆلار و ساڵانێکی زۆر هەیە، ئەمەش سوپای ئەمریکا لە ناوچەکانی دیكەی جیهان لاواز دەكات.

هەڵەی سێیەم (لەدەستدانی هاوپەیمانەکان):

هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی ئەمریکا پشتیان لە ترەمپ کردووە و وڵاتانی ئەوروپا، ژاپۆن، ئوسترالیا و کۆریای باشوور رەتیانکردەوە كە بەشداری لە هاوپەیمانییەتێك بكەن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، وڵاتانی کەنداویش هەست دەکەن ئەم جەنگە تەنیا زیانی پێگەیاندوون و بنکە ئەمریکییەکان بوونەتە مەترسی بۆ سەریان نەک پاراستنیان، سەرباری هەموو ئەمانەش ترەمپ دەستیکردووە بە سووکایەتیکردن بە هاوپەیمانەکانی، ئەمەش بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان.

هەڵەی چوارەم (ناوبانگی ئەمریکا):

ناوبانگی ئەمریکا وەک “پارێزەری دیموکراسی” و وڵاتێک کە رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێت، بە تەواوی تێکشکاوە، ئێستا جیهان وەک وڵاتێکی “چەتوون” سەیری ئەمریکا دەکات کە بێباکانە هەڕەشەی لەناوبردنی شارستانییەت دەکات و رێز لە هیچ رێککەوتنێک ناگرێت.

ئەمەی سەرەوە بۆچوونی دەستەی نووسەرانی بەناوبانگترین رۆژنامەی ئەمریكی بوو، لەلایەکی دیکەش کیدیۆن راشمان نووسەری ناوداری رۆژنامەی “فاینانشاڵ تایمز” ـی بەریتانی نووسیویەتی: هەموو ئەوانەی لەم جەنگەدا روودەدەن لە بەرژەوەندی ئێراندایە نەک ئەمریکا.

چەند خاڵێکی باسکردووە ، دەڵێت، گەمارۆ دەریاییەکەی ترەمپ نەبووەتە هۆی شکاندنی ئێران، بە پێچەوانەوە، ئێران لە ماوەی 45 رۆژی یەکەمی جەنگدا توانیویەتی نەوت بە نرخێکی زۆر گران بفرۆشێت، ئەمەش داهاتێکی باشی بۆ دابینکردووە کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگەی پێبگرێت.

باسی لە کاردانەوەکانی سەر ئەوروپا کردووە لەسەر کەرتی گەشتیاری و گەشتە ئاسمانییەکان، بەتایبەتیش لە وڵاتانی وەک ئیرلەندا و فەرەنسا بەرەو داڕمان دەچن، چونکە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە گەشتەکان رادەگیرێن و نرخەکان بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرزدەبنەوە.

دەشڵێت، بەهۆی راوەستانی هەناردە لە قەتەر و کەنداوەوە، جیهان رووبەڕووی کەمیی گازی هێلیۆم دەبێتەوە کە لە پیشەسازیی نیمچە گەیەنەرەکان و ئامێرەکانی (MRI)  پزیشکیدا بەکاردێت، کەرتی کشتوکاڵیش بەوهۆیەوە تووشی قەیران دەبێت و هەناردەی پەینە کیمیاییەکان لە ناوچەی کەنداوەوە دەوەستن.

تەواوی ئەو نووسەرانە هەردوو رۆژنامەكە دەڵێن، زۆر هەڵەی دیكەش هەن كە ئەمریكا لەسەر دەستی ترەمپ لەو جەنگە كردوونی، بەڵام ئەوانەی باسیان كردوون هەڵە ستراتیژییەكانن و هەموو جیهان دەخاتە ناو قەیرانێکی بێوێنەوە، کە ئەمەش رێک بەدڵی ئێرانە و هەمیشە کاری لەسەر ئەوە کردووە کە زۆرترین ئازاری ئابووری بە رۆژئاوا بگەیەنێت.

جا ئایا بەردەوامیدان بە هەڵەكان و پێداگریكردنی سەرۆكی ئەمریكا لەسەر ئەم هەڵانەی  کە باسیان کردووە، هەیمەنەی ئەمریكا لە جیهاندا، کە 250 ساڵە دامەزراوە، وەكو خۆی دەهێڵێتەوە، یاخود دەبێتە سەرەتای قۆناغێك بۆ داڕمانی یەکجاریی ئەو ئەمریکایای کە وەکو ئیمپراتۆرییەت خۆی نمایش دەکات ؟!

46 ساڵ لەمەوبەر پێشبینی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی ...

46 ساڵ لەمەوبەر پێشبینی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی لە تەنگەی هورمز کراوە

بۆچی پاكستان لەوکاتەدا سەرباز  و فڕۆکەی جەنگیی ناردوو...

بۆچی پاكستان لەوکاتەدا سەرباز  و فڕۆکەی جەنگیی ناردووەتە سعودیە ؟