رۆنگۆڕێک؛ گران بووە
لە بەندەرەکانی سعودیەوە رۆن دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
كرێی گواستنەوەی هەر حاویەیەکی رۆن، نزیکەی هەشت هەزار دۆلار گران بووە، ئەگەر جاران رۆن لە گەرووی هورمزەوە تێبپەڕییانە ئێستا دێتەوە بۆ بەندەرەکانی سعودیە و لەوێوە دەگەیەندرێنە ناو خاکی عێراق و دواتر هەرێمی کوردستان.
ئەگەر شۆفێرێکی تاکسی، پێشتر بە 15 هەزار دینار رۆنی بگۆڕیایە، ئێستا بە 20 هەزار دینار و زیاتر هەمان رۆنی بۆ دەگۆڕن، رۆنگۆڕێک بە 964ی وت، بەشێک لە شۆفێران بەوە شۆک دەبن.
ئەمڕۆ شەممە 9.5.2026 محەمەد سەڵاح خاوەن گەراجی رۆنگۆرینە بۆ 964 باسی لەوەکرد، ئێستا دەبێت بارەكەمان ببەینە سعودیە، پێشتر لە بەندەر عەباسەوە دەمانهێنا، هەر حاویەیەكی رۆن 80 وەرەقەی هاتووەتەسەر، پێشتر بە 50 وەرەقە بوو ئێستا بە 135 وەرەقەیە.
بە قسەی ئەو رۆنگۆڕە، ئەوەش وایكردووە ئەوانیش بە گران رۆن بگۆرن بۆ ئۆتۆمبێل، هەربۆیە شۆفێری تاكسییەكان کە زوو زوو دەچنە لایان و رۆن دەگۆڕن، پێیان سەیرە، چونكە گران بووە، محەمەد وتی، ئینجا دەبێت ئێمە بۆیان روون بكەینەوە.
وەستا محەمەد رێنمایی هەیە بۆ شۆفێران و دەڵێت، هاوینان بزوێنەر “مەکینەی” ئۆتۆمبێل زیاتر دەسووتێ، بۆیە دەبێت بەپێی كۆدی داواکراو رۆن بگۆڕدرێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا