بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانە
وەزیری ناوخۆی پاکستان بە “پەیام”ێکەوە بۆ موجتەبا خامنەیی گەیشتە تاران
964+
فەرهاد حەسەن
میدیا ئێرانیی و جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، کەمێک پێش ئێستا موحسین نەقوی وەزیری ناوخۆی پاکستان گەیشتووەتە تاران، بە ئامانجی زیندووکردنەوەی دانوستانە وەستاوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و بۆ هەمان مەبەستیش نامەیەکی تایبەتی بۆ رێبەری ئێران هێناوە.
بەپێی هگەوڵێکی ئاژانسی ئیرنای ئێرانی، وەزیری ناوخۆی پاکستان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە لەوانەش لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە.
سەرچاوەیەکی پاکستانیش بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاندبوو کە نەقوی پەیامێک لە ئیسلام ئابادەوە بۆ موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵای ئێران دەگوازێتەوە، ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانیش ئەو پەیامەی وەزیری ناوخۆی پاکستان هێناویەتی لە عاسیم مونیر، سەرۆکی سوپای ولاتەکەیەتی بۆ رێبەری ئێران.
پێشتر موحسین ڕەزایی، راوێژکاری سەربازیی رێبەری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا کە دوێنێ هەینی لە کەناڵی سی ئێن ئێن پەخشکرا، پشتڕاستی کردەوە کە دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆی نێوان واشنتۆن و تاران گەیشتووەتە بنبەست و جەختی لەوەکردەوە کە هەر رێکەوتنێکی ئەگەری پەیوەستە بە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران کە لە دەرەوەی وڵات هەڵگیراوە.
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، ئەوە سێیەمجارە وەزیری ناوخۆی پاکستان سەردانی تارانی دەکات، لە سەردانەکانیشیدا لەگەڵ سەرۆک کۆمار مەسعود پزیشکیان و محەمەد باقر قالباف سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە کۆبوبووەوە.