قوتابیانی کەلار گردبوونەوە
“دەیانەوێ بە پەستان مەنهەجمان پێ تەواو بکەن”
964+
میلاد جەلال
قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە بەردەم پەروەردەی کەلار گردبوونەوە و داواکارییان هەیە، قوتابییەکیش دەڵێت دەیانەوێت بە پەستان پرۆگرامی خوێندنیان پێ تەواو بکەن، کە مەبەستی فشارە.
ژمارەیەکی زۆری قوتابیانی کەلار ئەمڕۆ چوارشەممە 15.4.2026 لە گردبوونەوەکە بەشدار بوون، ئەوان داوا دەکەن وانەی کوردی و عەرەبی ئارەزوومەندانە بێت، هەروەها کە مەنهەجی خوێندن کەم ناکرێتەوە، وادەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان درێژ بکرێتەوە.
سۆزە عوسمان، یەکێک لە قوتابییەکانی گردبوونەوەکەیە و بە 964ی وت، پەروەردە فشار لە مامۆستایان و قوتابیان دەکات مەنهەج تەواو بکەن، ئەمەش ناکرێت، چونکە کاتێکی کەم ماوە بۆ تاقیکردنەوە.
هەروەها قوتابی ئالان یاسین بە 964ی وت، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، لە گردبوونەوە و خۆپێشاندان بەردەوام دەبن.
قوتابیانی پۆلی 12 ماوەیەکە لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان گردبوونەوەیان دەستپێکردووە و داواکاریی سەرەکییان ئەوەیە وادەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی درێژ بکرێتەوە و کاتێکی باشتریان پێبدەن، هەروەها وانەکانی کوردی و عەرەبی بکرێن بە ئارەزوومەندانە، بە مانای ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەی ئەم دوو وانەیە لە کۆنمرەی کۆتایی هەژمار نەکرێن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا