لە کاتی شەڕ و ئاگربەستیشدا کوردستان هەر قوربانییە
دوێنێ شەو چی روویدا؟
لەکاتی شەڕ و ئاگربەستیشدا کوردستان هەر قوربانییە
شۆڕش قادری
لەکاتی شەڕ و ئاگربەستیشدا کوردستان هەر قوربانییە و ئێوارەی دوێنێ بە چوار درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایەوە سەر هەرێمی کوردستان کە یەکێکیان بۆ سەر کەمپی سورداش بوو، لە هێرشەکەدا کچە پێشمەرگەى کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان، غەزاڵ مەولان شەهیدبوو و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون، لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەوە بۆ دووەم جارە هێرشى درۆنى کراوەتە سەر هەرێمى کوردستان.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە پێشکەشکارێکی فۆکس نیوزی وت، جەنگی ئێران کۆتایی هاتووە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل رێککەوتوون لەسەر ئەوەی دەرکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران، مەرجی سەرەکی بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
لەبارەى کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ باڵیۆزى ئیسرائیل کە بە نێوەندگیرى ئەمریکا لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، نەدا مەعوەز باڵیۆزی لوبنان لە واشنتن رایگەیاند، لە کاتی کۆبوونەوەکەدا جەختم لەسەر راگرتنی شەڕ و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵەکانیان کردەوە.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، بڕی 10 ملیۆن دۆلار پاداشت دەدرێتە هەر کەسێک زانیاری بدات لەسەر ئەحمەد حەمیداوی سەرکردەی کەتائیبی ح*زبو*ڵا.
وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری لێخۆشبوونی لە سزای دارایی بۆ نشینگە و ڤیزای بەسەرچووی بیانییەکان دەرکرد و رێگەی دا تا 30.4.2026 بێ غەرامە بگەڕێنەوە هەرێم یان گەشتی دەرەوە بکەن.
خەڵکی گەڕەکی رۆشنبیری هەولێر گلەییان هەیە و دەڵێن، لافاو ئەو پردەی برد کە لەسەر ئەرکی خۆمان دروستمان کردبوو و ئێستا هاتوچۆمان پەکیکەوتووە.
تەنیا لە یەک کۆگاى جوانکاریدا لە شارى رانیە، لیژنەکان دەستیانگرت بەسەر یەک تۆن و نیو کەلوپەلى جوانکارى خانمان کە 2657 ئایتمى جۆراوجۆر بوون.
بەفر بارینی چەند رۆژی رابردوو لە حاجی ئۆمەران زیانی بە باخ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە و بەقسەی جوتیارانی دەڤەرەکە ئەوە یەکەمجارە سەرمای ئەوەندە توند لەم وەرزەدا روویان تێبکات.
ئێوارەی دوێنێ لە شاخی شرام لە هەورامان مینێک بە گەنجێکدا تەقییەوە کە بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە چوبوو و بە سووکی برینداربوو.