هەڵمەت دەستپێکرد
بەناوی شارەوانی پارە لە فرۆشیارە زیادەڕۆکان وەرگیراوە
سیروان خورشید – خورماتوو
ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی رووخاندنی زیادەڕۆ و پۆلیس بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامی خورماتوو هەڵمەتی لابردن و رووخاندنی زیادەڕۆکانی شەقامی سەرەکی کەرکوک بەغدایان لەنێو سەنتەری قەزاکە دەستپێکرد.
وە رێکاری یاسای بەرامبەر ئەو کەسانەش دەگرنەبەر کە ماوەیەکە فێربوون، بەناوی شارەوانییەوە و بەهەڕەمەکی پارە لەکاسبکاران وەردەگرن.
حسێن جاسم، کاسبکارێکی بازاڕی سەوزەفرۆشانی قەزاکەیە بە 964ـی وت، ماوەیەکە کەسانێک دێنە لامان و بەناوی شارەوانی و لیژنەی زیادەڕۆییەکانەوە هەر جارە و بڕە پارەیەکمان لێ وەردەگیرێت و ئەمڕۆش شارەوانی و ئیدارەی قەزاکە هاتوونەتە سەرمان و بەشێک لە کەرەستەکانیان تێکداین و رووخاند.
زولفەقار حەیدەر، قایممقامی خورماتوو لەبارەی ئەو رێکارە بە 964ـی وت، لەمەودوا هەر زیادەڕۆییەک لەسەر شۆستە و شەقامەکان دروستبکرێت یاخود ئەنجام بدرێ، دەستبەجێ لادەبرێن و رێکار و لێپێچینەوەی توند بەرامبەر ئەنجامدەرانیان دەگیرێتەبەر، ئەو وتی، دەبێت سەردانی ئێمە بکەن و ئێمەش بەپێی رێکار و رێنماییەکان شوێنیان بۆ تەرخان دەکەین.
بە قسەی قایمقام، ماوەی چەند مانگێکه کەسانێک فێربوون دەچنە سەر بازاڕی سەوزەفرۆشان ئەو کەسانەی کە زیادەڕۆیان کردووەتە سەر شەقام و شۆستەکان بە دانانی ریکلام و تابلۆ پارەیان لێ وەردەگرن، لە ئەمڕۆوە چاودێری چڕ دەخەینە سەر ئەو کەسانەش و دەیاندۆزنەوە و روبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، چونکە دوور و نزیک پەیوەندیان بە فەرمانگەکانی دەوڵەتەوە نیە و کەسانی ساختەچین.
وەک خولفەقار جاسم باسی کرد، ئامانجیان لەو هەڵمەتە، جوانکردن و پەرەپێدانی سیمای شارەکەیە، ماوەیەکە سەوزەفرۆش و بەنزین فرۆشانی سەر شەقامی گشتی، بەتەواوی سیمای دەروازە و نێو سەنتەری قەزاکەیان بەزیادەڕۆ قۆرغ کردووە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا