بارانی زۆر هۆکارێکە
بەشێکی گەنمی دەشتی قەراج ژەنگی گرتووە و پشکنینی بۆ دەکرێت
964+
فەرهاد حەسەن
بەشێکی گەنمی چێندراوی مەخمور ژەنگی لێداوە، ئەمەش مەترسی لەسەر بەرهەمەکەی دروستدەکات چونکە بەپێی قسەی شارەزایان یەکێک لە هۆکاری دروستبوونی ئەم نەخۆشییە بارانی زۆر.
هۆبەی کشتوکاڵی قەزای مەخمور، وێنەی گەلای گەنمێکی بڵاوکردووەتەوە و کە بەڕوونی دەردەکەوێت گەنمی ئەو سنوورە تووشی ژەنگگرتن بووە، کشتوکاڵ دەڵێت “ئەم ژەنگگرتنە نەخۆشییە و بە (دیاگرام) ناسراوە، بەڵام پشکنین و لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەین”.
بەپێی ئە زانیاریانەی پێشتر 964 لە کشتوکاڵی مەخمور وەریگرتووە سنووری چاندنی گەنمی ساڵانە لە مەخمور زۆرینەی دەکەوێتە گوندەکانى دەشتى قەراج لەوانەش گوندەکانی قازى کەند، قەڵاتە سۆران، مەرزان، عەلیەڕەش.
بە بڕوای پسپۆڕانی کشتوکاڵی نەخۆشیی ژەنگی گەنم نەخۆشییەکی مەترسیدارە، کە تووشی گەنم و جۆ دەبێت، بەختیار حاجی میقداد، ئەندازیاری کشتوکاڵی پێشتر بە 964ـی وتبوو، هۆکاری دروستبوونی نەخۆشییەکە بارانی زۆری بەهار و زۆربوونی رێژەی شێ و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە.
وتیشی “ژەنگی قەد، ژەنگی گەڵا و ژەنگی زەرد لە جۆرەکانی نەخۆشیی ژەنگی گەنمن، ژەنگی گەڵا پەڵەی بازنەیی رەنگ پرتەقاڵی لەسەر گەڵاکان دروست دەکات و دواتر رەنگی پەڵەکان بۆ رەش دەگۆڕێت”.
بەبڕوای ئەو پسپۆڕە “پێویستە ئەو تۆوی گەنمانە بۆ چاندن بەکاربهێندرێت کە بەرگرییان بۆ ئەو نەخۆشییە هەیە، پێش چاندن تۆۆەکە بە قڕکەری کەڕوو کوژ بڕشێندرێ و مامەڵەی پێوە بکرێت و کاتێکیش گەنم یان جۆکە نەخۆشییەکە دەگرێت، قەڵاچۆکەری کەڕووکوژ بەکار بهێندرێت”.