دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری چەکی ئەتۆم ببێت
دۆناڵد ترەمپ:
“ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری ئەتۆم ببێت و بەمزووانە گەمارۆکان دەستپێدەکەن”
964+
شۆڕش قادری
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری چەکی ئەتۆم ببێت بۆیە بەمزووانە زنجیرەیەک گەمارۆ بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پۆستێکی دوورودرێژی لە تۆڕەی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال سەبارەت بە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “ئێران بەڵێنیدا گەرووی هۆرموز بکاتەوە بەڵام بە ئاگاداری خۆیان شکستی هێنا، ئەمەش بووەهۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و شڵەژان بۆ زۆر کەس و وڵاتان لە سەرانسەری جیهان”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دانوستانەکەدا دەرکەوتووە کە ئێران ئامادە نییە دەستبەرداری خواستە ئەتۆمییەکەی بێت، لەکاتێکدا هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانییان نەماوە، دژە فڕۆکە و ڕادارەکانیان بێ کەڵک بوون، زۆربەی سەرکردەکانیان کوژران و نەماون، هەموو ئەمانەش بەهۆی تەماحی ئەتۆمییانەوەیە، بەمزووانە سەپاندنی گەمارۆکان بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستپێدەکەن و وڵاتانی دیکەش بەشدار دەبن لە سەپاندنی ئەو سزایانەدا.
“کۆبوونەوەکە بە باشی بەڕێوەچوو، لەسەر زۆربەی خاڵەکان رێککەوتن کرا، تاکە خاڵێک کە بەڕاستی گرنگ بوو و لەسەری رێکنەکەوتین، بەرنامەی ئەتۆمی بوو”، ترەمپ وادەڵێت.
“هێزی دەریایی خۆمانم راسپاردووە، بەدوای هەموو ئەو کەشتییانەدا بگەڕێن کە باجیان بە ئێران داوە و رێگەیان لێبگرن بچنەناو ئاوە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها دەستدەکەین بە لەناوبردنی ئەو مینانەی کە ئێرانییەکان لە گەرووی هۆرموز دایانناوە، هەر ئێرانییەک تەقەمان لێ بکات، یان لە کەشتییە ئاشتیخوازەکان بدات، دەینێرین بۆ دۆزەخ”، ئەمەش هەر قسەی ترەمپە.
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیشی دەکاتەوە کە هێزی دەریایی وڵاتەکەی باشترینە لە جیهاندا، دەستدەکات بە پرۆسەی رێگەگرتن لە هەر کەشتییەک و هەموو ئەو کەشتیانەی کە هەوڵی چوونە ژوورەوە، یان دەرچوون لە گەرووی هۆرمز دەدەن.