دەستەی دەستپاکی رایگەیاند

دووەم بڕیاری سزادان بۆ یاریدەدەی پێشووی خانووبەرەی کەرکوک دەرکرا

ئەحمەد مستەفا

دووەم بڕیاری سزایی، دژ بە سێوان عەلی، یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرە لە کەرکوک دەرچوو، ئەوەش بە تۆمەتی بە ئەنقەست زیانگەیاندن بە ماڵ و موڵکی دەوڵەت و قۆستنەوەی دەسەڵاتەکانی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی.

بڕیارەکە ئەمڕۆ سێشەممە 1.9.2026 دەرچووە، و دەستەی دەستپاکی پشتڕاستی کردووەتەوە.

سزاکە بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە، کە تایبەتە بە ئەنجامدانی سەرپێچی و زیانگەیاندنی بەئەنقەست بە موڵک و دارایی گشتی دەوڵەت، وە ماوەکەی حەوت ساڵ زیندانییە.

پێشتر لە 10ی تەمموزی رابردوو دەستەکە بڕیارێکی زیندانیکردنی توندی دژی هەمان کەس راگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی بە ئەنقەست زیانی بە موڵکی دەوڵەت گەیاندبوو لە رێگەی تێپەڕاندنی مامەڵەی فرۆشتنی خانوویەک، کە لە بنەڕەتدا هی شارەوانی کەرکوک بووە و ژمارەکەی شێواندووە، بە قۆستنەوەی دەسەڵاتە فەرمییەکانی.

بۆ سزا تازەکەی، دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا دەڵێ، دادگای تایبەتمەند دووەم بڕیاری زیندانیکردنی دژی تاوانبارەکە دەرکردووە، بەهۆی ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ تۆمەتبارێکی دیکە کە دۆسیەکەی جیاکراوەتەوە، و دەستکاری و مامەڵەی فرۆشتنی خانووبەرەی بە ناوی دوو هاووڵاتییەوە ئەنجامداوە.

ئەوەش، بە پشتبەستن بە نوسراوێکی ساختەی خاوەندارێتی کە گوایە لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کەرکوکەوە دەرچووە، جگە لە بەرپرسیارێتی بەپێی دەسەڵاتە پێدراوەکانی لە ونبوونی دۆسیەی خانووبەرە کە بەناوی شارەوانی کەرکوکەوە تۆمارکراوە، ئەمەش زیانی بە موڵکی دەوڵەت گەیاندووە.