لە گیانلەدەستدانی کەمال خەرازییەوە بۆ رسوماتە نوێیەکانی گەرووی هورمز هەمووی لێرەوە بزانە

دوێنێ شەو چی روویدا؟

ژێوار خدر

لە کاتێکدا جیهان چاوی لە دانوستانەکانی پاکستانە، لە دوێنێ شەوەوە چەندین گۆرانکاری خێرا لە تاران و واشنتۆن و ناوچەکە روویانداوە، لە دەنگی تەقینەوە لە پایتەختی ئێران و گیانلەدەستدانی بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە، تا دەگاتە هۆشدارییە تووندەکانی ترەمپ لەسەر گەرووی هورمز، لێرەدا کورتەی گرنگترین پێشهاتەکان بزانە:

تاران شەوێکی ئاڵۆزی بەڕێکرد، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری شایەدحاڵانەوە دەڵێت دەنگی چەندین تەقینەوە و چالاکبوونی سیستمی بەرگری ئاسمانی لە تاران بیستراوە، هاوکات ئاژانسی ئیرنا گیانلەدەستدانی کەمال خەرازی، سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتیژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێرانی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە راگەیاند. لە لایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و داوای کرد ئێران دەستبەجێ وەرگرتنی “سەرانە” و رسومات لەو کەشتیانە رابگرێت کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، ئەوەش دوای ئەوەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کردبوو کە ئێران داوای بیتکۆین و یوانی چینی لە کەشتییەکان دەکات. لە نێوان ئەم گرژییانەدا، ئاکسیۆس دەڵێت نەتانیاهۆ لەسەر داوای ترەمپ رازیبووە هێرشەکانی سەر لوبنان کەم بکاتەوە و دەست بە دانوستان بکات.

لە رووی دیپلۆماسییەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی باڵیۆزی عێراقی بانگهێشت کردووە و رایگەیاندووە، کە دەبێت بەغدا هێرشی گروپە چەکدارەکان رابگرێت، بلومبێرگ ئاماژە بە هەبوونی دووبەرەکی لە ناو ئیدارەی ئەمریکا دەکات و دەڵێت گەیشتن بە رێککەوتن هێشتا نادیارە، چونکە نەتانیاهۆ بە روونی دژی هەوڵە دیپلۆماسییەکانە. لەناو ئێرانیش، موجتەبا خامنەیی و محەمەد باقر قالیباف جەختیان کردەوە کە دەستبەرداری مافەکانیان نابن و بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز دەچێتە قۆناغێکی نوێوە. هاوکات لە رووداوێکی تردا، ئاژانسی هەواڵی کوەیت رایگەیاند کە بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی پاسەوانی نیشتمانی، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.