چاویان لە وەزارەتى داراییە
ماڵە مێژووییەکەى مەجید پاشاى تێدایە؛ باران چوار شوێنەواری کفری روخاندووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
باران بارینی چەند رۆژی رابردوو، چوار شوێنەواری مێژویی لە قەزای کفری روخاندووە، کە دیارترینیان ماڵەکەی مەجید پاشای بابانە.
عوبێد محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان بە 964ـى وت،”ئەم شەپۆلە دوایی باران بارین بەشێکی دیکەی لە ماڵەکەی مەجید پاشای بابان روخاندووە کە مێژوەکەی لە 150 ساڵ زیاترە”.
“ئەو ماڵەی مەجید پاشای بابان دیزاینە شوێنەواریەکەی لەدەستداوە و نزیکەی 95%ی رووخاوە، بەڵام دۆکۆمێنتمان ھەیە ئەگەر بودجەی بۆ خەرج بکرێت دەتوانین لەماوەی چوار مانگ بەھەمان دیزاینی شوێنەواریەکەی خۆی نۆژەنی بکەینەوە”،عوبێد محەمەد وای وت.
ماڵی کەلەپوری حسێن ئاغا و رامز ئەفەنی و دوو ژوری سەرای کفری کە لەو بەشەن نۆژەن نەکراوەتەوە، ئەو سێ شوێنەوارەی دیکەی کفرین کە رووخاون.
ئاماژەی بەوەش کرد، ماڵەکەی مەجید پاشای بابان دەرخستە و ھەموو رێکارەکانی نۆژەنکردنەوەی تەواوکراوە بڕی 302 ملیۆن دیناری تێدەچێت، تەنیا ئەوە ماوە وەزارەتی دارایی رەڕامەندی لەسەر بدات و پارەی بۆ تەرخان بکات.
عوبێد محەمەد وتیشی،”داواکارین لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراو و دەوڵەمەندەکان کە خەمی شوێنەوارەکانی کفری بخۆن، ئەوانە بەشێکن لە مێژوی ئەم شارە با نەفەوتێن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح