ناوچەیەکى شوێنەوارى کفرى کێڵدرا
تەمەنى سەروو 2000 ساڵە
لە کفرى شوێنەوارێکى مێژوویى لەلایەن جوتیارێکەوە کێڵدرا
وریا فەتاح
ئەمڕۆ هەینى، لەلایەن جوتیارێکەوە بە مەبەستى کشتوکاڵکردن، شوێنەوارى مێژوویى قەرەئۆغڵان لە سنوورى کفرى کێڵدرا.
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپوری کفری بڵاوى کردەوە، رووبەرێکی زۆر لەشوێنەوارەکە کێڵدراوە، لە کاتێکدا ماوەى ساڵێکە پەرژینمان بۆ کردووە بۆ ئەوەى پارێزراو بێت.
“ئەو دەستە تێکدەرانە دەرگای پەرژینەکەشیان تێکداوە”، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپوری کفری وا دەڵێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە وێڕاى ئیدانەکردنى تاوانەکە، دەشڵێت: بەڕێکاری یاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و لەم پێشێلکارییە بێدەنگ نابین کە بەرامبەر یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی کفری و شارستانیەتی کوردستان و سامانێکی نیشتمانی کراوە کەتەمەنی لە دوو هەزار ساڵ زیاترە.
داواش لە ئیدارەی ناوچەکە و حکومەتی خۆجێی گەرمیان و کفری دەکەن، بەزووترین کات بێنە دەنگ بۆ ئەوەی ئەم پێشلکارییە یاسایی و کارگێڕیی و شارستانییە رێى لێبگرن.